دایک و کوڕێکی مێرمنداڵی خەڵکی پیرانشار حوکمی بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندرا

خۆڕاگری: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی ئامین یگانە تەمەن ٣٧ساڵ لەگەڵ کوڕە مێرمنداڵەکەی بە ناوی زانیار بێهجەت تەمەن ١٦ساڵ خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندرا.

بە پێی زانیارییەکان ئامین یگانە سزای ٣ساڵ و ٣مانگ و ٣ڕۆژ بەندکران و زانیار بێهجەت سزای ٢ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەریان دا سەپێندرا.

شایانی باسە ئەو دایک و کوڕە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی پیرانشار و پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران و لێپێچینەوە هەرکامیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.