سوعدا خەدیرزادە سزای ١٢ساڵ و ٦مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرا

خۆڕاگری: بەندکراوی سیاسی کورد” سوعدا خەدیرزادە” تەمەن٣٢ساڵ کچی ڕەحمان خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی ٣ی دادگای کەیفەریی١جێگیر لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای ١٢ساڵ و ٦مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرا.

یەکەمین کۆبوونەوەی دادگایی پێراگەیشتن بە دۆسیەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی  بە شێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەریی١جێگیر لە شاری مەهاباد بە بەشداری سوعدا خەدیرزادە و پاڕێزەرەکەی و سکاڵاکەرانی دۆسیەکەی بەڕێوەچوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سوعدا خەدیرزادە بە هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە ، ناوبراو ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووتەوە.

ئەو حوکمە ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی خەرمانان بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیندراوە.

سوعدا خەدیرزادە ڕێکەوتی٢٢ی ڕەزبەری١٤٠٠ی هەتاوی لە حالێک دا کە ئەو ئافرەتە دوو گیان بوو و پێویستی بە چاوەدێری پزیشکی هەبووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ و پاش ٢٥ڕۆژ ڕاگیران و لێپێچینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری١٤٠٠ی هەتاوی گوازرایەوە بۆ بەندی٤ بەندیخانەی ورمێ کە تایبەت بە تاوانی جۆراوجۆرە و لە لای کەسانێک کە گیرۆدە بە مادەی هۆشبەرن ڕاگیرا و سەبارەت بە دووگیان بوونی ئەو هاووڵاتییە هیچ چارەسەرێکی پزیشکی لە بەندیخانە بۆ تا بە دوونیا هێنانی منداڵەکەی بۆ نەکرا.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی دووشەممە٣٠ی جۆزەردانی١٤٠١ی هەتاوی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و ڕێگری بەرپرسانی زیندان لە ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەی سوعدا خەدیرزادە منداڵەکەی بە دوونیا هێنا.