مێهدی سەیفی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا

خۆڕاگری: ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی ،چالاکی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان”مێهدی سەیفی” پاش بانگهێشت کرانی بۆ لقی جێبەجێ کرانی سزای کەیفەری شاری سنە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٥مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە کرا.

 ئەو هاووڵاتییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “عەتائوڵڵاڕەزا بابایی”،”قانع خاتری”، “عەلی ئەڵڵاوەیسی”،مەرزییە مورادوەیسی”،”سیروان عەبدوڵڵاهی”و”فەردین ڕەحیمی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کرابوون و پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوە چوونی دادگاکەیان ئازاد کران.

دواتر ئەو هاووڵاتییانە لە مانگی بانەمەڕی١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن لقی١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر”سەعیدی”بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەرکامیان بە ٢ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوون.

کە دوای تانە لێدانیانی لە بڕیاری دادگا ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی دادگای شۆڕشی سنە هەرکامیان بە ٥مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٤ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی ٤ساڵ کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە تا ئێستا سێ کەس لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی”مەرزییە موراد وەیسی”،”فەردین ڕەحیمی”و”مێهدی سەیفی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون.