ئازادکرانی واحید بێهمەکانی لە بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: بەندکراوی سیاسی کورد”واحید بێهمەکانی” کوڕی مستەفا خەڵکی پیرانشار کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات سزای ٦ساڵ بەندکرانی تەعزیری و تەبعید بۆ بەندیخانەی قەزوین بەسەر دا سەپێندرابوو پاش تێپەراندنی ٣ساڵ و ٤مانگ لە سزاکەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییە دوای ئەوەیکە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات تۆمەتبار کراوە،چەندین کەیسی تری بۆ درووست دەکرێ کە لە هەرکام بە سزای نەقدی و بەندکران حوکم دەدرێ کە یەکێک لەو تۆمەتانە وەڕگرتنی ڕشوە کە سزای ٣ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بەسەر دا سەپێندرابوو لە ئاکام دا لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاوێژی ١٤٠٠ دەگەرەندڕێتەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و دوای مانەوەی ١ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا.  

ئەو هاووڵاتییە لە مانگی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ.

واحید بێهمەکانی ٣٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرابووە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ.

دواتر ئەو هاووڵاتییە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لەلایەن لقی ١ی دادگای نیزامی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات سزای ٦ساڵ بەندکرانی تەعزیری و تەبعید بۆ بەندیخانەی قەزوین بەسەر دا سەپێندرا.

شایانی باسە واحید بێهمەکانی لە حالێکدا ئەو تۆمەتەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەسەری دا سەپێندراوبوو کە ناوبراو ئەندامی سپای پاسداران بووە.