هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد جەلال ئەمینی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان

خۆڕاگری: ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد”جەلال ئەمینی” تەمەن ٤١ساڵ خەڵکی بۆکان پاش زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

جەلال ئەمینی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێگای میراوا لە کاتی گەرانەوە بۆ ماڵی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری بۆکان.

جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری بەندکراوی سیاسی پێشوویە.

شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.