دەستبەسەرکراوی کورد میکائیل مینبەری گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە

خۆڕاگری: دەستبەسەرکراوی کورد، میکائیل مینبەری خەڵکی گوندی نییەر سەر بە پاڕێزگای سنە پاش زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران و ڕاگیران لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە حالێکدا ئەو هاووڵاتییان دەستبەسەر کردوووە کە بۆ وەڕگرتنی ئۆتۆمبێلی خۆی سەڕدانی مکانیکی کردبوو.

جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییە پێشتر ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەر کران و ڕاگیران لە بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.