ئازادکرانی سوبحان مەولوودی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە

خۆڕاگری: ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو،”سوبحان مەولوودی”تەمەن٣٢ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی تەنگیەسەر سەر بە شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتا پرۆسەی دادگایەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە٢٩ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی لە سنووری باشماخی مەریوان لەلایە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی مەریوان و ڕۆژی ڕابردوو پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرابووە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سوبحان مەولوودی لە شاری هەولێر پێتەختی هەڕێمی کوردستان بۆ ماوەی ٥ساڵ لە کارگایەکی درووستکردنی شیرنی خەریکی کار بووە.

شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە.