ئازادکرانی شاپوور مورادی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد، شاپوور مورادی تەمەن٤٣ساڵ خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی پڕۆسەی دادگایەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

شاپوور مورادی ڕۆژی سێشەممە١٧ی جۆزەردانی١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە دووکانەکەی لە شەقامی غەفووری شاری سنە دەستبەسەر و گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە.

شایانی باسە شاپوور مورادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە.