ئازادکرانی مەلا جەمشید حەمیدی بە پێبەندی ئەلێکترۆنی لە بەندیخانەی شنۆ

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی بەندکراوی سیاسی کورد، “مەلا جەمشید حەمیدی”، تەمەن٤٦ساڵ کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی “شاوانێ” سەر بە شاری شنۆ بە پێبەندی ئەلێکترۆنی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ناوبراو پاش سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی گرتنگە ئەمنییەکان پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرابووە بۆ بەندیخانە شنۆ.

ئەو هاووڵاتییە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کران.

مەلا جەمشید حەمیدی دواتر لەلایەن لقی١٠١ی دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی بە تۆمەتی پروپاگەندە بە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ٥ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٢ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە ئەو سزایە بە ٣ساڵ و ٦مانگ بەندکران کەم کرایەوە.