ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی گەڵاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری: پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بوون دایە کە بە داخەوە بەندکراوانی سیاسی سەرەڕای ئەوەی کە هیچ مافێکی ئینسانیان بۆ لەبەر چاو نەگیراوە، بە بەردەوامی ڕۆژانە دەخرێنە ژێر ئەشکەنجە و فشارە ڕوحی و ڕەوانییەکان کە ئەوەش وا دەکات پەنا بۆ مانگرتن و تەنانەت خۆکوشتن دەبەن کە دەتوانین لە تازەترین ئەو پێشێلکارییانە فشارەکانی دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەر ژنە بەندکراوی سیاسی کورد سوعدا خەدیرزادە بکەین کە پەنا بۆ خۆکوشتن لە ڕێگای خۆهەڵواسین برد،هەموو ئەوانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەندکراوانی سیاسی چەندە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دان،هەر بەو پێیەش ڕۆژانە ئاماری ئەو کەسانەی کە لە کوردستان دەستبەسەر دەکرێن و حوکمی بەندکرانیان بەسەر دا دەسەپێندرێ لە زیادبوون دایە.

 بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی ٥٢کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ ڕژیم دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

لە مانگی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی ١٤کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر یەک بە ٢٠ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٥ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو و ٦٠ میلیۆن تمەن پێبژاردن سزا دراون.