بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی “عوسمان دڵسۆز”تەمەن٦٤ساڵ خەڵکی گوندی زێوکە،”ئاکام خزرزادە” تەمەن٢٦ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی کانی بداغ و”هەژار دڵسۆز”تەمەن ٢٨ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی”زێوکە” پاش زیاتر لە ٤٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران و ڕاگیران لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەست دا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە هاووڵاتی عوسمان دڵسۆز بە هۆکاری ئەوەی تەمەنی لە سەروو ٦٤ ساڵەو بەو حاڵەوە لە ماوەی لێپێچینەوەکانی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوەو باری تەندرووستی ناجێگیرە.
ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردووتە سەڕ ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییەی و پاش دەستبەسەر کرانیان ماڵەکانیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هێندێک کەڕەستەی شەخسی وەکوو لەب تاب و گوشی دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراون.