بەشداری دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی نەمران لە ڕاگەیاندنی حوکمی حەمید نووری لە دادگای سۆئێد

خۆڕاگری: ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی نەمران لە بەردەم دادگای وڵاتی سۆئێد لە شاری ستۆکهۆڵم سەبارەت بە کۆتا دادگایی حەمید نووری و ڕاگەیندنی حوکمی ئەو تاوانبارە بەشدار بوون.
حەمیدی نووری (عەبباسی) لە نوامبری ٢٠١٩ دا، کاتێک لە ئێران ڕا لەسەر بانگهێشتنی هێرش سادق ئەیووبی، کوردێکی زڕ زاوای پێشووی، هاتە سۆئێد و دەستگیر کرا. پێشتریش دوو جار حەمید نووری سەفەری بۆ سۆئێد و چەند وڵاتی دیکە کردبوو. بەڵام ئەم جار بەهاوکاری کۆمەڵێک لە زیندانییە سیاسییەکانی گۆهەردەشت و ئەڤین، لە چوارچێوەی “ئەسڵی دەسەڵاتی قەزایی نێونەتەوەیی” دا، سەرەتا ٤ ڕۆژ، دواتر حەوتوویەک، پاشان مانگێک و ٢١ جار هەموو مانگ درێژ دەکرایەوە و ٣٥ جەلەسە لێکۆڵینەوی پۆلیس، لەگەڵ حەمید نووری کرا. ئەو بە تاوانی “جەنایەتی شەڕ(جنایت جنگی) و کوشتنی بە ئەنقەست (قتل عمد)”، درا بە دادگاە. دادگاییەکەی پتر لە ٩ مانگی کێشا، هاوینی ٢٠٢١زائینی (١٤٠٠)هەتاوی و بەهاری ٢٠٢٢زائینی (١٤٠١)هەتاوی و تێیدا ٤٦ کەس سکاڵاچی، ٢٦ کەس شاهید و ١٢ کەس پسپۆڕ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا لینکی ئەلکترۆنیکی قسەیان لەسەر حەمیدی نووری (عەبباسی) و ڕووداوەکانی کوشتاریی بە کۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکانی ساڵی ١٣٦٧هەتاوی (١٩٨٨)زائینی یان کرد، کە ناوی کارەساتی نەتەوەیی (فاجعەی ملی) لێنرا. بەڵام دادگای حەمید نووری تەنیا سەبارەت بە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج بوو، لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان دا.

لەو جەنایەتەی زیندانی گەوهەردەشت ناوی ١٨ کەس کەم و زۆر باسیان کرا. ناسری (قازی موقەیسە، کە دادیاری زیندانیش بوو و حەمیدی عەباسی (نووری) جێگری لە دادیاریی دا بوو)، داوود لەشکری، مەیسەم، ئەندامانی هەئیەتی مەرگ (نەیری، رەئیسی، پوور محەممەدی و ئیشراقی).

بەڕێز کاک حەسەن حاتەمی وەک نوێنەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو گردبوونەوەیە بەشدارێکی چالاکانەی هەبوو و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کەیسە داو و ڕاگەیاندنی حوکمی تاوانبار حەمید نووری بە شێوەیەکی بەڕ بڵاو لەگەڵ راگەیاندنە گشتییەکانی وتووێژی کردووە(کورد کاناڵ،کەیهان، ڕادیۆ زایەڵە، تلویزیۆنەکانی ایران گلوبال، کیهان لندن، صدای چریکهای فدایی و آرین).