ناجێگیری باری تەندرووستی هێمن مام قادری لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ

خۆڕاگری: بەندکراوی سیاسی پێشوو هێمن مام قادری خەڵکی بۆکان کە لەکاتی دەستبەسەر کرانی لە ڕێگای بۆکان-سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دراوەتە بەر دەستڕێژی گووڵلە و لاقی بە سەختی بریندار بووە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و باری تەندرووستی ناجێگیرە.
یەکێک لە بنەماڵەی نیزیکی هێمن مام قادری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئاگادار کردووە کە ناوبراو پاش ١٤ڕۆژ دەستبەسەر کران و ڕاگیران لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەکراوە و نەنێردراوەتە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوە و پزیشک ڕایگەیاندووە کە دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەری بۆ بکڕێت.
هێمن مام قادری بانەمەڕی١٣٩٦ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە و پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی بۆ پێراگەیشتن بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە گوازرابووە بۆ بەندیخانەی سەقز.
دواتر ئەو هاووڵاتییە لە دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای١١ساڵ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرا کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی بەڕزی وڵات بە ٥ساڵ بەندکرانی تەعزیری کەم کرایەوە و ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بۆ تێپەراندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی سەقز بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازراوە.

سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri