ڕاپۆرتێک لەسەر باروودۆخی بەندکراوی سیاسی کورد عەلی عەزیززادە لە بەندیخانەی شاری بۆکان

خۆڕاگری: بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراوی سیاسی کورد”عەلی عەزیززادە”تەمەن ٥١ساڵ خەڵکی گوندی”سەر چنار”ناوچەی چۆمی مەجیدخان و دانیشتووی شاری بۆکان کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری بۆکان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی ٣ساڵ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرابوو،ئێستا بۆ تێپەراندنی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان بەند کراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییە مانگی گەڵاوێژی١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە و پاش ١مانگ ڕاگیران و لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوە چوونی دادگایەکەی ئازاد کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە دوای دادگایی کردنی لە دادگای شۆڕشی شاری بۆکان سزای ٣ساڵ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرا کە دوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا لەلایەن ئەو هاووڵاتییەوە لە دادگای پێداچوونەوە ئەو سزایە وەک خۆی پشتراست کرایەوە.
شایانی باسە عەلی عەزیززادە لە ڕێکەوتی١٧ی ڕێبەندانی١٤٠٠ی هەتاوی بە مەبەستی تێپەراندنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان کرا کە تا ئێستا لەو بەندیخانەیە بە بێ بوونی مافی مرەخەسی سزاکەی تێپەر دەکات.
ئەو هاووڵاتییە لە بەندیخانە بۆ جاری دووهەم تانە لە بڕیاری دادگا دەدات بە پێی زانیارییەکان لە دادگای پێدا چوونەوە سزاکەی بۆ ٢ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە باروودۆخی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە میدیایی نەکراوە و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەم جار ئەو ڕاپۆرتە لەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە بڵاو دەکاتەوە.

سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri