پەیامی پشتیوانی ڕێکخراوی جیهانی کورد بە بۆنەی١٢ی جۆزەردان ڕۆژی (زیندانی سیاسی کورد)

پەیامی پشتیوانی ڕێکخراوی جیهانی کورد

بەڕێزان ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پێشنیارەکەتان سەبارەت بە ناودێرکردنی ڕۆژی١٢ی جۆزەردان ساڵرۆژی گولەبارانکردنی٥٩لاوی مەهابادی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە دەستی کار بە دەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران،وەک ڕۆژی زیندانی سیاسی کورد بەرز دەنرخێنین.

ڕیزگرتن لە خەبات،کۆڵنەدان و خۆڕاگری ڕۆلەکانی نەتەوەکەمان لە بەندیخانەکاندا بەڕانبەر بە زوڵم و پێشێلکاری داگیرکەران سەرەرای ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەرونییەکان،کە هۆکاری هەرە گرینگی وزەبەخشین،مانەوە و بەردەوامی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانە و شوناسخوازی نەتەوەکەمانە،ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە.

بۆیە بە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەموولایەک دەزانین لە پێناو وەگەرخستنی جووڵانەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی بۆ بەرگری و داکۆکیکردن لە زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆدەنگی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی زیندانیی سیاسی دیاری بکرێ و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژە دا لە ئاستی ناوەوە و دەرەوە دا چالاکی بەرفراوان ئەنجام بدرێ.

ڕێکخراوی جیهانی کورد وێرای بەڕزنرخاندنی ئەو هەنگاوەی ئێوەی بەڕێز،لە ئاست گەورەیی،لە خۆ بردووی و خۆڕاگری قارەمانانەی زیندانییە سیاسییەکانی کورد،سەری نەوازش دادەنوێنێ و هیوای سەرکەوتنتان لە پێناو داکۆکیکردن لە بەندییە سیاسییەکان و دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکان و هەروەها گەیشتن بە سەروەری سیاسی نەتەوەکەمان بە ئاوات دەخوازێ.

بێدەنگی لە ئاست چارەنووسی زیندانیی سیاسی تاوانە.

هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

ڕێکخراوی جیهانی کورد

١٨/٥/٢٠٢٢