ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی بە “ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ناودێر کرد. لەم ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی پێنج‌شەممە، ١٢ی جۆزەردان بەبۆنەی ٣٩ ساڵەی جینایەتی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی پێک‌هاتبوو، چەند ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو دەستپێشخەرییە ڕاگەیاند.
لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ (ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی) و ناودێرکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، سەرەتا پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو بۆنەیە لەلایەن کاک سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەنەوە پێشکێش کرا. لەو پەیامەدا ویڕای باس لە سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە زیندانییانی سیاسیی کورد، هاتبوو: “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای وەبیرهێنانەوەی تاوانی سامناکی تیرباران‌کردنی ٥٩ لاوی کورد لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەڕدانی ١٣٦٢دا، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر دەکا و بەمجۆرە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیڕەوەریی ئەو ٥٩ شەهیدە بێ‌تاوانەی کوردستان، ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی کورد دەگرین و سڵاو بۆ ئیرادە و زیندان‌بەزینییان دەنێرین کە سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و ئازارکانی نێو زیندان و بێ‌مافییەکانیان، بەڵام سەری خۆیان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردیان بەرز ڕاگرتوە.”
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەو پێشنیارە ڕاگەیاند. بەڕێزیان لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: “پێشنیاری ناودێرکرانی ڕۆژی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، لە زۆر بارەوە پێشنیارێکی بەجێیە. چونکە: ئەو ٥٩ لاوە سەر بە یەک ڕێکخراوی سیاسیی دیاریکراو نەبوون و تەنانەت هی واشیان تێدابوو کە لایەنگری هیچ ڕێکخراوێکی سیاسیی دیاریکراو نەبوو، و تەنیا نەیار و بەرهەڵستکاری ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە جۆری گرتن، لێکۆڵینەوەیان لەژێر ئەشکەنجە و موحاکەمەکردندا و گیان‌لێ‌ئەستاندنیان، هەروەها ونکردنی تەرمەکانیان و شوێنەواری تاوان بەرانبەریان، نموونەیەکی دیار لە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕازییان و نەیارانی سیاسیی خۆی لە بەندیخانەکانی‌دایە. دواجار ئەوە کە ئەو پۆلە گەورەیەی لاوانی کورد، نموونەی بەچۆکدانەهاتن، خۆبەدەستەوەنەدان و بەرگریکردنی سەربەرزانە لە ئامانج و داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بوون، کە ئامادە بوون سەر دابنێن بەڵام سەر دانەنوێنن و بەم مەرگە سەربەرزانەیان بۆ لاوانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی بەندییە سیاسییە کوردەکان بوون بە سەرمەشق و نموونە.”
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک شاڕوخ حەسەن‌زادە، بەرپرسی “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”؛ خاتوو ژیلا موستەئجیر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو” و کاک هێرش ڕەهنەوەرد، ئەندامی دەستە بەرێوەبەری “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا” پەیامی پشتیوانیی ڕێکخراوەکانیان لە ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکێش کرد. خوێندنەوەی پەیامی پشتیوانیی “کوردستان تریبوناڵ”، “ڕێکخراوی جیهانی کورد”، “کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان”، “ناوەندی نەمران”، پەیامی بنەماڵەی ٥٩ لاوی ئێعدامکراوی مەهاباد کە لەلایەن کاک شەهاب غەوارە، برای شەهید عەلی غەوارە ،یەک لە لاوە ئێعدامکراوەکانی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ خوێندرایەوە؛ لەگەڵ وتەیەکی کورتی کاک ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤ و، پێشکێش‌کردنی سروودێک لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزب چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.