پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئێعدامی ٥٩ لاوی کورد لە مەهاباد و ناونانی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


خەڵکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی کوردستان!

زیندانییە سیاسییە خۆڕاگرەکان!

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی خەڵکی مافویست و ئاشتیخوازی کوردستان دوای دەیان ساڵ تێکۆشان و قوربانیدان و خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی هیوای ئەوەیان دەخواست کە بە ماف و ئازادییە زەوتکراوەکانیان بگەن. بەڵام بەداخەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بناغەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی لەسەر خنکاندنی ئازادییەکان و سەرکوتی جیابیران دانا و بۆ ئەوەش لە کوردستان‌ڕا دەستی پێ کرد، چونکی کوردستان ئیرادەی مافخوازی و خۆڕاگریی لە خۆی نیشان دابوو.

هێرشی بەربڵاوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم بەهاری پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا ڕووداوەکانی نەورۆزی خوێناویی سنە و کومەڵ‌کوژییەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، سۆفیان و قەرەگوڵ و سەوزی و؛ ئێعدامەکانی نێو شاری سنە و سەقز و شار و ناوچەکانی دیکەی لێ کەوتەوە. جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای لەشکرکێشیی هەمەلایەنە و داگیرکردنی شار و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان پتر بوون کە دەسبەسەرکردنی ٥٩ لاوی مەهابادی و ئێعدام‌کردنیان لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی یەک لەوان بوو. ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرە کوردە پاش دەسبەسەرکران بەبێ ئەوەی کەس بزانێ لەسەر چی گیراون و بێ‌ئەوەی لە دادگایەکدا دادگایی بکرێن و دەرفەتی بەرگری‌کردنیان بدرێتێ، پاش ماوەیەکی زۆر کەم لە گرتنیان لە شاری تەورێز گوللەباران و تەرمەکانیشیان شوێن‌بزر کران. ئەو جینایەتە سامناکە پەڵەیەکی ڕەشی دیکەیە بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تا ئەبەد لەبیر خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری کورد ناچێتەوە.

جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر گەلی کورد دەستی پێ کردبوو، ئاکامەکەی سەپاندنی شەڕێکی خوێناوی بە سەر گەلی کورد بوو، شەڕێکی فرەڕەهەند لە چەند بەرەدا. هەم لە گۆڕەپانی لەشکەرکێشییەکانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و، هەم لە سەرکوتی جیابیران و ئازادیخوازەکان و قەڵاپرچن‌کردنی زیندانەکان لەو کەسانەی ئامادە نەبوون چۆک بۆ ویستی دەسەڵاتی سەرکوتگەر دابدەن. ئەوە وایکردبوو کە زیندانەکانیش ببنە سەنگەرێکی دی لە خۆڕاگری و ئیرادەنوێنیی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە هەم لە بەرەکانی شەڕدا تووشی شکست ببوو، هەم لە بەرانبەر خۆڕاگریی هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکاندا تووشی زەبوونی هاتبوو، تۆڵەی شکانە یەک لە دوای یەکەکانی لە زیندانیانی سیاسی بکاتەوە. بەمجۆرە ئێعدامە سیاسییەکان کە هەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ لە سەربانی خوێندنگەی “ڕیفاه” دەستی پێ کردبوو، و لە مەهاباد جینایەتی وەک ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادیی لێ کەوتبۆوە؛ لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا گەیشتە لوتکە.

ئاماری ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم دەڵێن کە لەو ساڵەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڵەی شکستەکانی لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ عێراقدا و پاش مل‌ڕاکێشانی بۆ بڕیارنامەی ٥٩٨ی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، لە نێوخۆی وڵاتدا کەوتە قەڵتوبری دژبەرانی خۆی و زیاتر لە سی هەزار بەندکراوی سیاسیی ئێعدام کرد. ئێعدامی زیندانییانی سیاسی دواتریش هەر سیاسەتی نەگۆڕی ڕێژیم بەتایبەت لە کوردستان و دەرحەق بە جووڵانەوەی سیاسیی کورد بوو، کە تازەترینی ئەو جینایەتانە، ئێعدامی “حەیدەر قوربانی” بوو کە چەند مانگ لەوە پێش لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنەدا لە سێدارە درا.

خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری کوردستان!

٣٩ ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چاوترسێن‌کردنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و دەست‌بەردانەوەی لاوانی کورد لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە جینایەتی ئێعدامی ٥٩ لاوی خەڵکی شاری مەهاباد خوڵقاند. بەڵام لاپەڕەکانی مێژووی ئەو گەلە شایەتی دەدەن کە لاوانی کورد لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی نەتەوایەتی و لە هەموو سەنگەرەکانی پارێزگاری لە خاک و کەرامەتی نیشتمانیدا پێشەنگ، ڕچەشکێن، چیایی و قورس و قایم لە مەیداندا بوون. یەکێک لەو مەیدانە سەرەکییانەی خەباتیش زیندانەکانی ڕێژیم بوون کە لاوانی زیندان‌بەزێنی کورد کردوویانە بە مەتەڕێزی خۆڕاگری و بەرگری لە مافی نەتەوەکەیان. کۆماری ئیسلامی بەو خەیاڵەی زیندان وەک ئامرازی ترس و تۆقاندن و سەرکوت ورە بە لاوانی خەباتکاری کورد و لە وزەی خەباتگێڕی بەتاڵیان دەکاتەوە، کەچی زۆرباش ئەو وەڵامەی وەرگرتەوە کە گرتووخانە بۆ ئەوان قەڵای نەسرەوتن و خۆڕاگرییە و “قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”.

٤٣ ساڵ سیاسەتی سەرکوت، ٤٣ ساڵ بەردەوامیی جینایەت و ڕەشەکوژی، ٤٣ ساڵ سووربوون لەسەر گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد و شەڕ لە دژی ئەو نەتەوە لە هەموو بوارێک و بە هەموو ئامێرێک، هیچ دەسکەوتێکی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەبووە، چونکی ئیرادەی مافخوازیی ئەو گەلە زۆر لەوە سەرتر و پترە کە بە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەچۆک دابێت. بەشداریی هەمەلایەنە و مەیدانداریی لاوانی کورد لە هەموو مەیدانەکانی خەبات چ لە ڕیزی پێشمەرگایەتی و چ لە گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی لە کوردستان بەڵگەی شکۆمەندیی مافخوازی و ئیرادەگەریی کورد و لە هەمان‌کاتدا زەبوونی و داماویی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە.  

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

زیندانییانی سیاسیی خوڕاگر!

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ چەند لایەنی سیاسی و کۆمەڵێک ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و بەندکراوانی سیاسیی کورد، وێڕای وەبیرهێنانەوەی تاوانی سامناکی تیرباران‌کردنی ٥٩ لاوی کورد لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەڕدانی ١٣٦٢دا، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر دەکا.

بەمجۆرە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیڕەوەریی ئەو ٥٩ شەهیدە بێ‌تاوانەی کوردستان، ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی کورد دەگرین و سڵاو بۆ ئیرادە و زیندان‌بەزینییان دەنێرین کە سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و ئازارکانی نێو زیندان و بێ‌مافییەکانیان، بەڵام سەری خۆیان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردیان بەرز ڕاگرتوە. هەروەها سەڕ کڕنۆش دادەنوێنین بەرانبەر بە قامەتی بەرزی هەموو ئەو شەهیدانەی کە بە ڕووسووری و شکۆمەندییەوە چوونە بن پەتی سێدارە، بەڵام سەریان نەوی نەکرد و چۆکیان بۆ دوژمن دانەدا. هەروەها لەو ڕۆژەدا چوونە سەر گڵکۆی زیندانیانی سیاسیی شەهید و  سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی بە ئەرکێکی نیشتیمانی بۆ خۆمانی دادەنێین.

سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی١٢ی جۆزەردان.

سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کورد.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی