ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی خاکەلێوە،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خاکەلێوەی١٤٠١ی هەتاوی ٦٦کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
جێگای ئاماژەیە کە لە کۆی ئەو دەستبەسەر کراوانە٤٥کەسیان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی نەوڕۆزی دا دەستبەسەر کراون کە بەشێکیان دوای لێکۆلینەوە بە وەڕگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراون و بەشێکیشیان تا ئێستا لە گرتنگەکانی ئیتلاعات لە ژێر لێکۆلینەوە دان.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خاکەلێوە دا٣٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.
ئەوە جێگای سەرەنجە، ئەوەیە کە لە کۆی ئەو سزادراوانە ٢٢کەسیان خەڵکی شاری “شنۆ”ی سەر بە پاڕیزگای “ورمێ”یە کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.
لە کۆتایی دا دەبێ بڵێین کە ئەو ئامارانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندە بێ بەزەییانە و دڕەندانە بەڕامبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد دەجوڵێتەوە و سەرکووتیان دەکات.
لەلایەکی دیکەش سەرەڕای هەموو ئەو زەبڕوو و زنگەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان لێ ناپاڕێزێت خەباتی گەلی کورد و بەرخۆدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ وەدەست هێنانی ئامانجەکانیان بەردەوامی هەیە.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.co
تویتیر:@xoragri