ڕۆژی سێشه‌ممه‌٧ی ڕێبه‌ندان به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌٢٠ی سه‌رماوه‌ز بۆ من ڕۆژێكی شیرین و خۆشه
له ڕۆژێكی وه‌ک ئه‌مرۆ و له ده‌سپێكی مانگی ڕێبه‌نداندا، كه نزیكه‌ی ٧ ساڵ له‌و ڕووداوه تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام دیسان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕۆح وڕه‌وانم هه‌یه و بیره‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژه‌م بێ کەموکووڕی زیندوو ده‌كاته‌و‌ە، چونكه ئه‌و ڕۆژه بۆ من ڕۆژێكی تایبه‌ت و مێژووییه، ڕۆژێكی به‌نرخ و بایه‌خداره و ڕۆژی ئازادیم لە زیندانە.
سه‌ر له‌ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه، دوای ٧٨٠ ڕۆژ بێ مه‌ره‌خه‌سی له زیندان ئازاد كرام.
جێ ئاماژه‌یه هه‌ر وه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه باسم كرد، ڕۆژی سێشه‌ممه‌٧ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٣ی هه‌تاوی، بۆ من زۆر گرینگه و بیره‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژه وه‌ک كورته فیلمێک له زه‌ینمدا ماوەتەوە، كه‌لێره‌دا به‌كورتی باسی ئه‌و ڕۆژه بۆخوێنه‌ران دێنمه گۆرێ، هه‌رچه‌ند ئه‌و چێژه‌ی من هه‌ستی پێده‌كم وه‌ک زیندانێكی ئازاد كرا‌و، ڕه‌نگه بۆ خوێنه‌ر وانه‌بێ به‌ڵام بۆ من چێژێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه.
ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێكه‌وتی ٧ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، له به‌ندیخانه‌ی مه‌هاباد كه ٧٨٠ ڕۆژ له‌كۆ وسه‌رجه‌م ١٣٨٠ڕۆژ ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌م تێپه‌ڕاندبوو، له به‌شی نه‌ججاڕی زیندان له‌گه‌ڵ وه‌ستاكه‌م کاک ج.ق خەریکی کاریی نەججاری بووین كه ئه‌ویش زیندانی سیاسی بوو، و ئێستا له ناخۆی وڵاته و خه‌ریكی ژیانی ئاسایی خۆیه‌تی و هیوای سڵامه‌تی بۆ ده‌خوازم، له‌ناكاو وتی له‌و ڕۆژانه‌دا جێژنی ئازادیت بۆ ده‌گرین!، وتم جارێ نۆره‌ی من نییه و ئیشائه‌ڵا جێژن بۆ به‌ڕێزتان ده‌گرین، کە دوو جار حوکمی بەسەردا سەپا بوو یەکەم جار ۴ ساڵ و دووهەم جار ۵ ساڵ له‌و قسانه‌دا بووین، كه‌یه‌كێكی دیكه له‌زیندانیانی سیاسی کاک ی.س هات و وتی كاک مسته‌فا ئه‌وه بۆ ناچی بۆ ئه‌فسه‌رنیگه‌هبانی سێ، چوار جاریان له‌بڵیندگۆوه بانگ كردووی، دا بچۆ بزانه چیان لێت ده‌وێ بەڵکوو نامەی ئازادیت هاتبێ، پێم سەیر بوو ئەویش باسیی ئازادیی کرد، منیش به‌غار چووم بۆ ئه‌فسه‌رنیگه‌هبانی، لێم تووڕه بوو گوتی چه‌ند جار قاوم كردووی بۆ نه‌هاتوویی، گوتم ئاگادر نه‌بووم و گوێم لێنه‌بووە، خۆت دەزانی له‌نه‌ججاڕخانه‌ی زیندان کار دەکەم گوێم لە دەنگت نەبووە.
ئێمه‌لە نەججارخانەی زیندان ته‌خته‌نه‌ردمان به‌نه‌خشونگارێكی جوان ساز ده‌كرد و له‌په‌نا ئه‌ودا، هه‌ر له‌دار كه‌لوپه‌لی جۆراجۆر به‌شێوه‌ی جۆنكاری وه‌ک مۆدنه، گیتار، به‌له‌م، دڵ و ئەجۆرەشتانەمان ساز ده‌كرد، ئه‌فسه‌ره‌كه وتی ده‌توانی شتێكی تایبه‌ت و جوانم بۆ ساز بكه‌ی؟ جا به‌ئێواره‌یه چۆن ساز ده‌بێ ئێستا دەرگایی زیندان دادەخەن، په‌له‌ت له‌چییه به‌یانی چیت ده‌وێ وه‌ره نه‌ججاڕخانه بۆت ساز ده‌كه‌م، بزه‌یه‌كی هاتێ وتی شۆخی ده‌كه‌م ئازاد بوویی،!! كه به‌رگه‌كه‌ی نیشاندام زارم وشک بوو، باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد، سه‌رم سۆڕما و هه‌ستێكی تایبه‌ت له‌شمی داگرت، چونكه وشه‌ی ئازاد بوون بۆ زیندانی وشه‌یه‌كی مه‌زنه و هه‌ستبزوێنه، به‌ڕاستی نه‌مده‌زانی چ بكه‌م، كه به‌رگه‌كه‌ی دامێ و سرنجم دایه له‌شم مچڕۆكی پێداهات، چه‌ند چركه‌یه‌ک تاسام و نەدەجووڵام، ئه‌فسه‌ره‌كه وتی بۆ ڕاوه‌ستاوی ده‌بڕۆ كه‌لوپه‌لت خڕكه‌وه‌و وه‌ره بڕۆ دەرێ تۆ ئازاد کراوی، ئیتر كه‌چوومه‌وه به‌ندی ٢ و ژوورەکەم شه‌ڵه‌ژا بووم، هاوڕییه‌كانم كه زۆربه‌یان زیندانی سیاسی بوون ئاگادار بوون، کە بەندکراوی سیاسی ئازاد دەبوو هەموو زیندان بە سیاسی و غەیرە سیاسییەوە دەیانزانی، بەڵام بەپێچەونە بەندکراوانی دیکە کە ئازاد دەکران هەر ئەوانەی دەورووبەری ئاگادار دەبوون، هاوبەندەکانم به‌پێكه‌نین و بزه‌وه به‌ره‌وپیرم هاتن و له‌ئامێزیان دەگرتم و تێگرا دەیانگوت ئازادیت پیرۆز بێ، ئێستاشی لەگەڵ بزەی سەر لێوی زۆربەی هاوڕێیان لە زەینمدا ماوە کە نامهەوێ ناویان بدرکێنم.
جێ ئاماژەیە ئه‌و‌كاته هه‌ر خۆت ده‌زانی كه‌چه‌نده شادی، چونكه ئازادیی و سه‌ر‌به‌خۆی خۆشترین كاته بۆ مرۆڤ، به‌تایبه‌ت، بۆ مرۆڤێک کە ده‌سبه‌سه‌ر بووبێت، ئه‌وكات هه‌ست ده‌كه‌ی كه ئازادی چه‌نده‌شیرین و خۆشه.
سه‌ره‌تا چوومه فروشگای زیندان حیسابه‌كه‌م یه‌كلا كرده‌وه و چوومه‌وه به‌ندی ۲ و كه‌لوپه‌له زیادییەکانم به‌سه‌ر هاوڕێیان دابه‌ش كرد و له‌پاشان بۆ ماڵاوایی یه‌كجاری له به‌ندكراوان سه‌ردانی به‌نده‌كانی سێ، چوار و پێنجم كرد كه‌ماوه‌ی ٧٨٠ ڕۆژ یان ٢٦ مانگ پێكه‌وه بووین و هاتمه‌وه به‌ندی ٢ كه‌لوپه‌لی پێداویستی خۆم هه‌ڵگرتوو كه‌وتمه‌ڕێ كه‌گه‌یشتمه شوێنی تایبه‌ت و چوونه‌ده‌رێ له زیندان حه‌شیمه‌تێكی زۆر له به‌ر ده‌گا ڕاوه‌ستا بوون هه‌ڵبه‌ت سه‌رجه‌م زیندانیانی سیاسی هه‌موو به‌نده‌كان و هه‌روه‌ها هاوڕێیانیی دیكه‌ش بۆ ماڵاوایی هاتبوون، ئه‌و ڕێوڕه‌سمه زیاتر بۆ زیندانیانی سیاسی به‌ڕێوه ده‌چێ زۆر زیندانی دیكه ئازاد ده‌كران كه‌س نه‌یده‌زانی به‌ڵام ئازد کردنی زیندانیانی سیاسی جیاوازترە و بۆ چوونه ده‌رێ ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت بەخۆی هەیه و چه‌پڵه‌ڕێزان و شادیی كردن ده‌نگ دەداتەوە، له ساته‌كانی كۆتایی ڕۆیشتندا هه‌موو ده‌سته‌ملانی ئازاد كرا‌و ده‌بن تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و منیش له‌و ڕێوڕه‌سمه بێبه‌ش نه‌بووم هاوڕێیان به‌و شێوه‌یه منیشیان به‌ڕێكرد، له‌بیرمه یادی هەرمان شه‌هید مه‌نسوور ئاروه‌ند كه ده‌ستی له ملم كرد و ماچی كردم به ئاسپایی به گوێمیدا چرپاند وتی كاكه تكایه ئاگات له‌خۆت بێ، وەک هه‌میشه لێو و بەبزە بوو و ئێستاش ئه‌و دیمه‌نه له‌به‌ر چاومه‌و هه‌روه‌ها بزه‌ی لێوی سه‌رجه‌م زیندانیانی سیاسی هیوای سڵامه‌تی بۆ هه‌موو هاوڕێیانی خۆڕاگر و بە بیروباوڕە ئاواتەخوازم، میله‌كانی زیندانم تێپه‌ڕاند و له كۆتا دیداردا ده‌ستم بۆ لای هاوڕێیان وەک ماڵاوایی به‌رز كرده‌وه و ئیتر لێک دابڕاین و من به‌رۆ ئازادی هه‌ڵفریم و ئه‌وانیش به‌ڕه‌و ژووره‌كانی به‌ندیخانه چوونه‌وه، زۆر جار كه‌زیندانی سیاسیمان به‌ڕێ ده‌كرد، هه‌ستم به‌وه‌ده‌كرد كه ڕۆژه‌ک له ڕۆژان دره‌نگ یان زوو نۆره‌ی ئازادی منیش دێ.
شایانی باسه دوایی ئازاد بوونم له‌زیندان بێجگه له‌دووكه‌س به‌ناوه‌كانی كاک مه‌نسوور ئاڕوه‌ند خه‌ڵكی مه‌هاباد و كاک محه‌ممه‌د كۆمه‌ڵه خه‌ڵكی بۆكان كه‌به‌داخه‌وه هه‌ردووكیان له‌سێداره‌دران سه‌رجه‌م هاوبه‌نده‌كانی دیكه‌م به‌خۆشێوه تامی شیرینی ئازادیان چێشت و هیوادارم به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌ز و سه‌كه‌وتوو بن، با زۆر نچمه ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه چونكه له بیره‌وه‌ریی گشتیی به‌ناوی ژیان و خه‌بات ئاماژه‌م به‌هه‌موو ڕووداوه‌كانی پێش زیندان و نێو و زیندان و دوای زیندانیش كردووه بۆیه ئه‌و كورته بیرەوەرییەم هێنا گۆڕێ ساڵۆه‌گه‌ڕی ئازاد بوونمه و به‌پێویستم زانی بیروه‌رێكی كورت سه‌باره‌ت به و ڕۆژه پیرۆزە ڕۆژی ئازدیی بنووسمه‌وه.
كاتێک ئه‌فسه‌رنیگه‌هبانه‌كانی زیندانم یه‌ک به‌داوی یه‌كدا تێپه‌ڕاند له حه‌ساری زیندان چوومه ئه‌نبار كه‌كه‌لوپه‌له‌كانم كه‌٧٨٠ ڕۆژ له‌وه‌پێش واتا ٢٠ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩١ی هه‌تاوی كاتی ده‌سبه‌سەر كردنم وه‌رگرمه‌وه، به‌ڵام هه‌ر نه‌دۆزرایه‌وه و منیش له سەری سوور نه‌بووم، هه‌ر خوداخودام بوو زوو نه‌جاتم بێ بچمه‌درێ، له‌و ده‌رگایه‌ی كه له‌گه‌ڵ چه‌ند چاوه‌دێر و چه‌كداری تووڕه و تۆسن و خوێنتاڵی ده‌مارگرژ‌ی ئیدارەی ئیتلاعات هاتبوومه ژوورێ، ئه‌وجار بێ چاوه‌دێر، ته‌نیا چاوم بە دەرکەوانێک کەوت، ئەویش سەرباز بوو دەرگاکەی کردووە هاتمه‌سه‌ر شه‌قام چاوم بە دیمەنی شاری جوانی مەهاباد کەوت کە ۲۶ مانگ بێجگە لە ئاسمان چاوم بە کۆڵان و شەقامی شار و ماشین و سروشتی زستان نەکەوتبوو، تاوێک ڕوانیمە دەوروبەری خۆم په‌شۆكابووم كارتی ته‌لیفونه‌كه‌م كه‌تازه كریبوو به‌پێچه‌وانه له‌ده‌سگای تلیفونی سه‌ر شه‌قامم ده‌خست له‌پاشان كه‌هاتمه‌وه سه‌ره‌خۆ، پێكه‌نیم به‌خۆم ده‌هات كه كارته‌كه‌م به‌هه‌ڵه تێهاویشتووه!!!! یه‌كم كه‌س زه‌نگم بۆ كچكه‌م ئارینا لێدا و زۆری پێسه‌یر بوو و قاقای لێدادا و زۆر دڵخۆش بوو، و وتی بابه له زیندانه‌وه ئاگادریان كردمه‌وه كه‌بابت ئازاد بوو زۆر دڵخۆشم به‌ئازد بوونت بابه‌گیان به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ماڵ نیم و به‌ڵام ئێستا زه‌نگ بۆ كاک ئازاد زاوای مامه‌عه‌لی لێ‌ده‌ده‌م بێت به‌دواتدا ئەویش وەک من سەرسام ببوو چونكه یه‌كشه‌ممه كه ڕۆژی چاوپێكه‌وتنی زیندانە، هاتبوو بۆ لام و هیچ باسێكی ئاوا له‌گۆرێ نه‌بوو كه‌ئازاد ده‌كرێم، ئازاد كردنم كوت‌وپڕ بوو، چونكه بێجگه‌له ئارینا و ئه‌وزاوایه‌مان كه‌سی نزیكی خۆم مالی له مه‌هاباد نه‌بوو ماڵی‌خوشک برام له بۆكان بوون، خۆشم ماڵم لێشێوابوو، دوای چه‌ند چركه ماشینێك له نزیك من ڕایگرت لەگەڵ کاک ئازد یەکتریمان لە ئامێز گرت و چووینه‌وه‌مالێ، خوشک و برا و خزمان پەیوەدیان پێوه کردم خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و چركه‌به‌چركه‌ی ئه‌و كاته‌م وه‌ک فیلم له‌زه‌ینم دایه و یادی ئه‌و ڕۆژه تایبه‌ته به‌خێر، ڕۆژی ئازادیی بۆ زیندانی ڕۆژێكی بێگەرد و سرنجڕاكێش و هه‌ستبزوێنه ته‌نیا زیندانی ده‌توانێ هه‌ست به‌و ڕۆژه بكا و به‌یانی ٨ی ڕێبه‌ندان به‌ره‌و بۆكان بۆ دەسپێکی ژیانێکی نوێ ورێ كه‌وتم، تا دوا هه‌ناسه‌م ئه‌و ڕۆژه له‌بیر ناكه‌م به‌و هیوایه هه‌موو زیندانێكی سیاسی تامی شیرینی ئازادی بچێژن.
قانع کوتنەی:
بیری ئازادیم له زینداندا فراوانتر دەبێ قوربەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
مسته‌فا فه‌قێ
٧ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی كۆیه قه‌ڵای دێموكرات