خۆپێشاندان بۆ پشتگیری لە مامۆستا زارا محەممەدی و پێشکێش کردنی پەیامی ئەنجومەن بەو بۆنەوە

خۆڕاگری: رۆژی یەکشەممە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری رەوەندی کوردی، خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی بەمەبەستی مەحکوومکردنی سزای زاڵمانە و داسەپاوی ٥ ساڵ زیندان بۆ خاتوو “زارا محەممەدی” لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری لەندەن بەڕێوە برد.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” دەستی پێ کرد. دواتر بەڕێز “ یۆنس موکری” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسی تایبەت بۆ بەشداربووان کە لە رێگای دوور و نزیکەوە خۆیان گەیاندبووە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئێسلامی لە شاری لەندەن، باسێکی کورتی لەسەر ژیان و کار و چالاکییەکانی خاتو “زارا محەممەدی” پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا، پەیامی “زارای نیشتمان” لە رۆژی ماڵئاوایی و چوونی بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش بە بەشداربوان کرا.
لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، چەندین پەیامی جۆراو جۆر بۆ پشتیوانی لە خاتوو “زارا محەممەدی” و مەحکوومکردنی کۆماری ئێسلامی خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
پەیامی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەڕێز “کەیوان رەسوڵی” ئەندامی کۆمیتەی بریتانیا.
پەیامی پشتیوانی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ زارای نیشتمان بە زمانی ئێنگلیزی لە لایەن خاتون “مینا سوارە” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا.
پەیامی “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئیرانی فیدراڵ”، “شۆڕای دیمۆکراسیخوازانی ئیران و “پێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئیران” لە لایەن بەڕێز “رەحیم بەندویی” چالاکوانی سیاسیی بەلوچەوە.
پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕێز “جەماڵ جەبباری” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا.
پەیامی رێکخراوی مافی مرۆڤی بەلوچستان (Balochistan Human Rights) لە لایەن بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە بەرێز “عبدالقیوم بیجاد”ەوە
پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژھەڵات لە لایەن خاتوو “هەوار ساڵح زەریفی” چالاکوانی مەدەنی.
لەو خۆپیشاندانە بەربڵاوەدا، چەندین دروشمی کوردی و ئێنگلیزی و فارسی بۆ پشتیوانی لە خاتو زارا لە لایەن ئامادەبووانەوە گوترانەوە و چەند پەخشان و شێعریش پێشکەش کران.
شایەنی باسە پەیامی پشتیوانی و کورتەیەک لە چالاکییەکانی خاتوو “زارا محەممەدی” و چۆنیەتی سزای داسەپاو بەسەر ئەو مامۆستا کوردەدا لە لایەن کۆماری پەت و سێدارەوە، بە زمانی ئێنگلیزی و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر بەشێکلە دانیشتوانی شاری لەندەن دا بڵاو کرایەوە و رای گشتی لێ ئاگادار کرایەوە و ئەو خۆپیشاندانە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” کۆتایی پێ هات.