ڕاگەیێندراوی ئەنجومەنی نۆژین بە بۆنەی یەکلایی‌بوونەوەی حوکمی سەپاو بە سەر خاتوو زارا موحەممەدی

نەتەوەی خۆڕاگری کورد
هاونیشتمانیانی مافویست و ئازادیخواز
کۆمەڵگای مەدەنیی بەهەڵوێست
ئەندامان و لایەنگرانی ئەنجومەنی نۆژین

هێنانەئارای ڕەوتێکی نوێ لە ژیان و چەسپاندنی فۆرمێکی جیاواز لە هەبوون و پێناسە و هێژمۆنیک‌کردنی گوتارێکی خۆڕاگرانە و سەروەری‌خوازانە لە کات-شوێنی ئێستای کوردستاندا پێویستی بە خوێندنەوەیێکی قووڵ و فرەڕەهەندی کوردستانی سەردەم و هەنگاوەکانی گوتاری زاڵە.

یەکلایی بوونەوەی حوکمی پێنج ساڵ زیندانی خاتوو زارا موحەممەدی وێڕای نەبوونی هیچ بەڵگەیێک و هەبوونی سەدان پێشێلکاریی مافی مرۆڤی و نەتەوەیی لە کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە گوتاری زاڵ بە هەموو هێز و توانایەوە دەستی داوەتە پاکتاوکردنی شوناسیی کورد و لەم پێناوەشدا هەم لە باری گوتاری و هەم لە باری ڕێکخراوەییەوە خۆی ڕێکخستووە و دەیهەوێ بە بەرهەمهێنانی کوردی کۆلۆنیکراو پێناسەی خۆی بەسەر ژیان و بوونی ئێمەدا بسەپێنێت.

لە باری گوتارییەوە بە زەقترکردنەوەی زمانی فارسی وەکوو یەکینەی پێکهێنەری دەسەڵات و نکۆڵی‌کردن لە هەموو مافە زمانییەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکیەتیی زمانیی نەتەوەی کورد و تێئۆرایزکردنەوەی ئەم گوتارە لە ڕێگای ئاپاراتووسی ئایدیۆلۆژیکی خۆیەوە، هەوڵ بۆ بێدەنگ کردنی ئەوی‌ترە هەڕەشەکەرەکانی پێناسە و گوتاری خۆی دەدات. لە باری ڕێکخراوەییشەوە بە تۆکمەکردنی هەموو ڕێکخراوە و بنکەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمنییەتی بەسەر هەموو دام‌ودەزگاکان بە تایبەت دادگادا و سڕینەوەی هەر چەشنە سەربەخۆیی هێز و دەسەڵاتەکان (تەفکیک قوا)، بۆ سەپاندنی گوتاری خۆی، پشتی لە هەموو ڕێککەوتن و یاسا دەرەکی و نێوخۆییە واژۆکراوەکانی خۆی کردووە و هەنگاوی بۆ ڕکێف‌کردن و کپ‌کردنی تەواویی ئەو دەرەتان و بنکانەی که ئەگەری سەرهەڵدانی هەر چەشنە پێناسە و خۆڕاگریی نوێیان تێیدا بەدی دەکرێت، هاویشتووه.

لەم دیالێکتیکەی خۆڕاگری و خۆسەپاندندا دەبێ نەتەوەی کورد بە هەموو لایەن و توێژەکانیەوە کار بۆ داهێنانی مێکانیزمی نوێی خۆڕاگری بکات و بە داهێنانی فۆرمێکی نوێ لە خەبات بۆ ئاراستەکردنی داخوازییە نەتەوەیی-مۆدێڕنەکانی، هەموو ئەم پیلان و پلانانە پاشەکشە پێ‌بکات.

ئەگەرچی سەرجەم نەتەوەی کورد لەم بوارەدا بەرپرسیارن بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان دەبێ بە ڕچاوکردنی فەلسەفەی بوونی خۆی واتا پاراستنی داخوازی و ئازادییەکانی کۆمەڵگا و ئاوەزی کوردستان و جیاوازییەکانی، کوردستان وەکوو کانتێکستی سەرهەڵدانی خۆی، هەنگاو بۆ دەربازبوونی لە فۆرمی دێفۆرمەکراوی کۆمەڵگای مەدەنی و دەرچوون لە بەزمان‌بوونی گوتاری زاڵ، هەڵبگرێت.

ئەنجومەنی نۆژین وێڕای شەرمەزارکردنەوەی ئەو حوکمە ناڕەوایە بەڵێن دەدات هەتاکوو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێڕنەکانی نەتەوەی کورد لە تێکۆشان نەوەستێت. سایت: https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.political.prisoners