ڕاگەیەندراوەی ئێعتڕازی بەرەی یەکگرتووی کورد به بڕیاری بەندکردنی خاتوو زارا محەممەدی

هاونیشتمانییان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان!

زمانی دایکی و خۆشەویستیەکەی و هەول و تەقەلا بۆ گەشه و نەشەی، بابەتێکی دەروونی و هەستی و ژیرانەیه.
له دەستوور و یاسای بنەڕەتیدا، هەر چەندە ناتەواوو، بەڵام باسی خوێندن و فێرکاری به زمانی دایکی کراوه و وەک مافێکی سرووشتی به فەرمی ناسێندراوه.
بەڵێ لە بارودۆخی هەستیار و نالەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کێشەی دەرەکی و گەمارۆی گشتی و بابەتی وزەی ناوەکی و بەرجام و گشت تەنگژەکانی پێوەندییه دەرەکییەکان له بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کێشەی ناوخۆیی وەک قەیرانی ئابووری و گرانی و هەژاری و بێکاری و ئێعتیاد و تەڵاق و مناڵانی کار و دەیان گرفت و کێشەی بچووک و مەزنی تر که هەنووکه بەرۆکی دەوڵەت و میللەتی گرتووه، ئەوەی که بووەته هۆی دڵەڕاوکێی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، هەول و چالاکی بێ مەعاشی کیژۆڵەیەکی پاک و بێگەرده که له نێوان گشت ئەم هەڵڵا و تەنگەژانەدا قۆڵی هەڵماڵیوه و ئەوەی که ساڵەها لەمەوبەر دەبوا به بووجەی دەوڵەت و به فەرمی له بەرنامەی فێرکاری و پەروەدەدا خزێندرابا، به تەنیا دەیکا. سوپاسنامه و ڕێزنامەگەلێ که دەبوا لەم دونیا ئاوەژوەدا پێی درابا، هات‌وچۆ بۆ دادگا و سەرکۆنه و زیندان کردنە. بەڵێ دونیایەکی بەراوژوویه و دز و جەرده و گەندەڵەکان له دەرێ ئازادن و کۆتره هەست پاک و بێگەردەکان له ناو بەند و بەندیخانه دان.

بەرەی یەکگرتووی کورد دادگایی کردن و سەپاندنی بڕیاری زیندانی بۆ خاتوو زارا محەممەدی و هەر کەسێکی تر به هۆی وانەگوتنەوەی زمانی دایکی به منداڵانی ئەم خاکەی به توندی ئیدانه دەکا و داواشی له بەرپرسانی پێوەندیدار و دەزگای داد هەیه هەتا پێداچوونەوەیەکی ئەرێنی لەمەڕ ئەم شێوه دۆسیەیانە بگرنه بەر و باسی فێرکاری خۆبەخشانەی زمانی دایکی نەک له خانەی تاوان و سزا، بەڵکوو بخەنه خانەی هاندان و گەشەی پێ بدەن.

بەرەی یەکگرتووی کورد

۱۴۰۰/۱۰/۱۴
سایت: https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.co