ناو براو لە نامەکەی دا باس لە ناڕەوا بوونی ٢٠ساڵ سزای بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە و نەهێشتنی چاوپێکەوتن و دیتنی بنەماڵەکەی و هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سزاکەی بە بێ ڕەچاو گرتنی هیچ یاسا و ڕێسایەک و بە بێ هیچ بنەمایەک بە سەری دا سەپاوە.
من قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی و خەڵکی بۆکانم کە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزد بە سەرمدا سەپاوە و ئێستا ماوەی ١٦ ساڵ و ٦ مانگە ماوەی سزاکەی تێپەڕ کردووە.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا بەر لێبوردن نەکەوتووم و هیچ مافێکی دیکەی خۆم پێم نەدراوە و تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش نەچوومەتە مرەخەسی.
لە کاتی دادگایی کردن یان باستر بلێم کاتێک کە دەستبەسەر کرام تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکانیش خرابوویە پاڵم، بەڵام لە ڕاستیدا من هیچ قەتڵێکم نەکردبوو.بەڵام دادوەر ڕاستەوخۆ بە منی وت کە کەسێک کوژراوە و دەبێ کەسێک سزا بدرێت.ئێوە هەرچەند بە تۆمەتی سیاسی گیراون، تاوانبار بن یان تاوانبار نەبن دەبێ سزا بدرێن.
کاتێک ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نەبوو هەتا کەڵکی لێوەر بگرن من و محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی کە لەو دۆسیەدا لەگەڵ من گیرابوو تیروپشکمان بۆ کرا و ناوی من دەرهات و کە دەبێ دیەی تەواوی پیاوێکی موسڵمان بدەم و دوای تێپەڕینی ١٦ ساڵ و ٦ مانگ هێشتا بە هۆی دژایەتیی داوکاری گشتیی مەهاباد مافی مرەخەسی و ئازادی مەرجدار لە من زەوت کراوە.
ئەوان بە بنەماڵەکەمیان ڕاگەیاندووە کە هەتاکوو پارەی دیە دابین نەکەن ئێمە ناهێڵین کە هیچ مافێکی وەکوو ئازادی مەرجدار بەر بکەوێت و تەنانەت مافی مرەخەسیشی پێ ندارێت و هەر بۆیەش لەو ساڵانەدا سێ جار مانم لە خواردن گرتووە کە جاری یەکەم ١٥ ڕۆژ، جاری دووهەم ٣٣ ڕۆژ و جاری سێهەم ٤٠ ڕۆژ درێژەی کێشاوە و بەو حاڵەش هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی مەرجدار یان پێدانی مرەخەسی بە من هەڵنەگیراوە.
هەربۆیەش من وەکوو بەندکراوێکی سیاسی کە یەک لەسەر سێی تەمەنی بەکەڵکی خۆم لە بەندیخانە تێپەڕاندووە، داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە ئێرانی و نێودەوڵەتییەکان دەکەم کە هاوکاریم بکەن هەتا بتوانم جارێکی دیکە دایکە پیر و بەساڵاچووەکەم کە ١٧ ساڵە چاوەڕوانی ئازادی منە و ٧ ساڵە نەمبینیوە، جاریکی دیکە ببینمەوە.
لە کۆتایی دا تەنیا دەتوانم بڵێم کە هیوادارم بتوانم ئازادیم بە دەست بێنم.
قادر محەمەدزاده
٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢١
بەندیخانەی ناوەندیی یەزد
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com (http