دادخوازی و نەبوونی عەداڵەت لە نێوخۆی وڵاتدا

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لەندەن مەحکەمەی خەلکیی “ئابان” بەڕێوە چوو کە ڕۆچنەیەک بوو بەرەو دەرخستنی ڕاستییەکان و، جینایەتەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پتر ئاشکرا کرد. بێجگە لەم ئەم مەحکەمەیە لە سویدیش یەکێک لە ئەندامانی “شاندی مەرگ”ی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی – حەمید نووری- کە لە ئێعدامی زیندانییە سیاسییەکانی دەیەی ٦٠دا ڕۆڵی هەبوو، دەستگیر کرا. دادوەری گشتیی وڵاتی سوید، حەمید نووریی تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە بەشێكی سکاڵاکەدا ئەم تۆمەتانە هاتووە: بەشداریی لە جینایەتی جەنگی، بەشداریی لە جینایەتی دژی مرۆڤایەتی، بەشداریی لە ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی، بەشداریی لە دەست‌بەسەرداگرتنی تەرمی کوژراوی زیندانییەکان و نەدانەوەی بە بنەماڵەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە عەداڵەتخوازیی بنەماڵەی کوژراوان و هەوڵی بێوچانی چالاکانی سیاسی لە ئورووپا و پێشوازیی گەرمی خەڵک لەم مەحکەمەگەلە، جێی ئومێدە بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا لە چارەنووسی کەسوکاری خۆیان بێخەبەرن و خوازیاری وەدیهاتنی عەداڵەت -لانیکەم- لە مەحکەمەکانی ئورووپان؛ هەروەها بێ‌باوەڕێ و نائومێدیی خەڵکیش لە وەدیهاتنی عەداڵەت لە دەزگەی دادی ئێران دەنوێنێ. بەپێی بەڵگە و شایەتەکانی مەحکەمەی “ئابان”ی لەندەن، ١٣٣ کەس لە بەرپرسانی ڕێژێمی ئێران لە کوژرانی سەدان هاووڵاتی تۆمەتبارن کە دەکرێ ئاماژەیەک بکرێ بە عەلی خامنەیی، حەسەن ڕووحانی، عەبدولڕەزا ڕەحمانی (وەزیری پێشووی ناوخۆ)، عەلی شەمخانی، مەحموود عەلەوی، ئیبراهیم ڕەئیسی و… .

سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و یاساناس

سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و یاساناس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “کوردستان” لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چۆن تاوانبارێکی وەک حەمید نووری کە لەلایەن دادگای وڵاتی سویدەوە دەسبەسەر کراوە و لێپێچینەوەی لێ دەکرێ، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا سەربەست و کاربەدەستە؟”، دەڵێ: “ئەگەر زۆر بەکورتی بمانەوێ وڵامێکی ڕوون بدەینەوە ئەوەیە کە حەمید نووری و هاوکارەکانی بۆخۆیان لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئامراز و مۆرەکانی جێبەجێکاری دەزگای بەناو دادوەرین لە ئێراندا. بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانینە بابەتەکە، دەبێ ئاماژەیەک بە بنەمای سیستەمی سیاسیی ئێران و هەروەها سەرچاوە و ژێدەری یاساکانی بکەین. ژان ژاک رۆسۆ لە کتێبی بەناوبانگی خۆی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”دا دەڵێ دەبێ چوارچێوەیەک پێک بێ کە تیایدا هەموو هێزە هاوبەشەکان داکۆکی لە هەر هاوبەشێک و بەرژەوەندییەکانی ئەو بکا، و هەر هاوبەشێک لە سایەی ئەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ ئەوەی لە تەک هەموو هابەشەکان شەریک و بەشدارە، لە هەمان کاتدا تەنیا ملکەچی بڕیارەکانی خۆیەتی”. واتە هەر تاکێک کە بەشداری لە دروست‌کردنی نیزامی سیاسی دەکا، پێویستە لە بڕیاردانیشدا بەشدار بووبێ بەو پێیەی کە ئیرادەی هەر تاکێک بەشێکە لە ئیرادەی گشتی. ئیرادەی گشتی کەسێک یا دەستەیەک وەک دەسەڵاتدار هەڵدەبژێری و مافی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی پێ دەبەخشێ کە ئیرادەی گشتیی دایڕشتووە و لە کاتی لادانی دەسەڵاتدار لەو ئیرادە گشتییە، شەرعییەتی نامێنێ. بەڵام ئەگەر سەیری دەستووری ئێران بکەین، دەبینین کە سەرچاوە و ژێدەری ئەو یاسایە لە جیهانێکی مێتافیزیکییەوە وەرگیراوە. بەواتایەکی‌ دی پێی لە سەر عەرزی نییە و بەشێوەیەک پیرۆزی پێ بەخشراوە کە هیچ تاکێک ناتوانی ڕەخنەی لێ بگرێ، تەفسیری بکا یا بیگۆڕی، جگە لەو کەسانەی کە پسپۆڕییان لەو جیهانە ئینتیزاعییەدا هەیە و خۆیان بە نوێنەری ئاسمان لە سەر زەوی دەزانن. واتە شەرعییەتی دەسەڵاتدار و هەروەها یاساو ڕێساکانی بەرکار لە نیزامگەلی ئایدۆلۆژیی مەزهەبی وەک ئێران لە خەڵکەوە وەرنەگیراوە. لێرەدایە کە دەسەڵاتدار و دەست‌وپێوەندییەکانی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دیاردەی “ئالیناسیۆن” واتە بێگانەبوون و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە خۆیان پێناسە دەکەن و لێرەشدا کەسانی وەک حەمیدی نووری و سەرۆکەکانی خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لە بەرامبەر یاسادا و یاساش لە پێناو کۆمەڵێک بەهای دڵخوازی ئەوان داڕێژراوە. لە بەرامبەریشدا یاسای وڵاتێکی وەک وڵاتی سوید کە یاسایەکی زەوینییە و بەپێی گەشەی فیکریی مرۆڤ پێگەیشتووە و شەرعییەتی لە تاکەکانی کۆمەڵگە وەرگرتووە، بێگومان پێشێلکاریی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ نەک لە وڵاتەکەی خۆی بەڵکوو لە هەموو شوێنێکدا بە تاوان دەزانێ و بەپێی ئەسڵێکی نێودەوڵەتی و سەڵاحییەتێکی جیهانی کە هەموو وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە کەڵکی لێ وەرگرن، ڕاوەدوونانی بکەرانی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەکا”.

شاڕۆخ حەسەن‌زادە، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامە کوردستان، لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم جۆرە دادگایە چەندە کاریگەریی دەبێ لەسەر گوشارهێنان و یان جێبەجێکرانی حوکمی کۆتایی لەسەر ڕێژێمی ئێران، دەڵێ: “وەک دەزانین ئەم جۆرە دادگاییانە فەرمی نین و لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەڕێوە دەچن و لە ئاکامیشدا حوکمی ئەو جۆرە دادگایانە لایەنی “سیمبۆلیک”ـیان هەیە و هێزی جێبەجێکاریان نییە؛ بەڵام لە هەڵوێستی توندی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم عەلی باقر کەنی، دەرکەوت کە ئەم جۆرە چالاکییانە چەندە گرینگن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە و ڕەوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی هەیە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەشێک لەو گەمارۆیانەی کە ئێستا لەسەر ڕێژیم دانراوە بە هۆکاری پێشێلکارییەکانی ئێرانە لە بەستێنی مافی مرۆڤدا. هەروەها دەتوانێ لە دەرەوە و بەتایبەت لە بواری هێزی مانۆڕدانی ئێران لە دیپلۆماسیشدا کەم بکاتەوە و جارێکی دیکەش بە جیهان بڵێ، ئەمەیە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕێژیم”.

سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەسڵی سەڵاحییەتی جیهانی مافی دەستبەسەرکردن و لێپێچینەوە لە هەموو کەسێک دەدا بە وڵاتان؟” دەڵێ: “سەڵاحییەتی جیهانی ئەو مافە بە دادگا نێوخۆییەکانی هەر وڵاتێک دەدا کە داوایەک و تاوانێک بخاتە چوارچێوەی کاری خۆیەوە کە نە تاوانەکە لەو وڵاتە ئەنجام درابێ و نە تاوانبار یا تاوان‌لەسەرکراو هاووڵاتی ئە وڵاتە بن و تەنانەت نە ئەو تاوانە بووبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەش، بەڵام تاوانەکە دەبێ لە ڕیزی ئەو تاوانگەلە نێودەوڵەتییانە بێ کە نیگەرانیی کۆمەڵگەی جیهانی لێ کەوتبێتەوە. جێی ئاماژەیە کە ئەو تاوانانەی کە سەڵاحییەتی جیهانی دەیانگرێتەوە زیاتر لە عورفی نێودەوڵەتی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا، خۆ دەنوێنن”.

ئازاد مستۆفی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی

ئازاد مستۆفی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی لەمەڕ دەنگدانەوەی میدیایی ئەم مەحکەمانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باسی لێوە کرا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامە کوردستان دەڵێ: “میدیاکانی دەرەوەی ئێران بە ڕووماڵکردنی بەردەوامیان توانییان کاریگەرییەکی بەرین لە ئاگادارکردنەوەی زیاتر و هەروەها بووژاندنەوەی دۆسیەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و جینایەتەکانی ئێران، بۆ ڕای گشتیی بگێڕن. بێگومان بوونی میدیای بیانی و هەروەها چەند کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانیی لە دادگەی ‘ئابان’ـیش پتر ڕووی خوێنڕێژیی ڕێژێمی ئێرانی بۆ وڵاتانی جیهان دەرخست.”

شاڕوخ حەسەن‌زادە، بەرپرسی “چاونیوز” لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەتوانن دادگایەکی بەم شێوەیە بۆ قوربانییانی کورد پێک‌بهێنن؟ بەمجۆرە وەڵام دەداتەوە: “بێگومان ئێمەش ئەو تواناییەمان هەیە بەڵام دەبێ جگە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کۆمەڵێک لە چالاکان و تەنانەت بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵات کە پێگەی باشی لە دەرەوە هەیە هاوکار و یارمەتیدەر بن. لەو فاکتۆر و کەرەسانەی کە پێویستن بۆ پێکهێنانی دادگایەکی لەم چەشنەیە جیا لە کەسانی شارەزا دەبێ دادوەر و پارێزەری ناسراو و دەروستیشمان هەبێ، هەروەها پێویستیمان بە بەڵگە هەیە. دەبێ دۆسیەکە دیاری بکرێ و شایەت هەبن. ئەو پرۆسەیەی کە دادگایەک دەبێ بیپێوی، بوونی هەبێ. ئێمە ئەزموونی باشمان لە دادگایی کردنی ڕێژیم و بەرپرسانی هەیە و تەنانەت لە “میکۆنوس” سەرکەوتنی بەرچاومان وەدەست هێنا و بۆیە پێم‌وایە، ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لەبەر پانتایی بەرینی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەبەراود لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، دەیان نموونە و بەڵگە و شایەت هەن کە دەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین و دۆسیەکە نێودەوڵەتی بکەین”.

ئازاد مستۆفی دەربارەی جیاوازیی دوو مەحکەمەی سوید کە بۆ حەمید نووری بوو، هەروەها مەحکەمەی ئابان لە لەندەن، لە بواری میدیاییەوە گوتی: “ئەوەی میدیاکان لە مەحکەمەی حەمید نووری بەدواداچوونیان بۆ دەکرد سەرەتا بۆیان گرنگ بوو بزانن ئایا ئەم کەسەی دەستگیر کراوە، هەمان لێکۆڵەری دڵڕەق و قاتڵی بەندیخانەی ئێوینی تارانە؟ چونکە هەتا شەش مانگی دوای دەستگیرکردنی، ناوبراو حاشای لە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی دەکرد و دواتر کە نەیتوانی ڕەوتی لێپرسینەوەکان بەلاڕێدا ببا و حاشا لە بەڵگەکان بکا، دانی بە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی هێنا. لە قۆناغی دووەمدا بۆ میدیاکان گرنگ بوو کە بزانن ئایا مەحکەمەی سوید هەوڵ بۆ ئاشکراکردن و ڕاگەیاندنی جینایەتەکانی ڕێژێمی ئێران دەدا و عەداڵەت دەکرێ وەدی بێ؟ بەڵام لە مەحکەمە نێودەوڵەتییەکەی لەندەن کە بە هەوڵی چەند ناوەندێکی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤەوە بوو لە شوێنی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تەناهی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی بەناوبانگی نێودەوڵەتی لەبواری یاساییەوە کە شایەتەکان پتر لە ئێرانەوە بوون، گەڕان بەدوای عەداڵەت  بوو. لەو مەحکەمەیە بۆ میدیاکان سەلمێنرا کە دایکی سەدان کوژراوی خۆپێشاندانەکان باوەڕیان بە وەدیهاتنی عەداڵەت لە دەزگەی دادی وڵاتەکەیان بۆ بەفیڕۆنەچوونی خوێنی ڕۆڵەکانیان نەماوە. هەر ئەم خاڵەش کاریگەریی زۆری لە ڕاکێشانی بینەردا هەبوو”.

دادگای خەڵکیی “ئابان” لە لەندەن و دادگای حەمید نووری لە لەندەن هاوکات لەگەڵ بایەخی یاسایی بۆ ناساندنی و ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی و کردنەوەی ڕۆچنەیەک بۆ دادخوازیی گەلانی ستەملێکراوی ئێران، هاوکات ئەزموونێکیشە بۆ پرسی کورد کە بتوانێ لە گۆڕەپانی لەوچەشنەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە تاوان و جینایەتەکانی لە کوردستان بە چالش بکێشێ.