(ژیان سەرەتاییترتن مافی هەر مرۆڤێکە کە بە نەمانی ژیان،مافی مرۆڤیش هیچ مانایەکی نامێنێت) ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان سزای ئیعدام بە دیاردەیەکی قیزەون دوور لە هەموو ڕێسا و یاسا ئینسانییەکان دەزانێت، لەبەر ئەوەی بە ڕەواو و حەقی هیچ کەس و لایەنێکی نازانێ کە بەخاتری پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندی تاکەکەسی بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێک بدات. بە تایبەتی بەندکراوانی سیاسی کە هەموو ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی ئازادی و خوشبەختی وڵات و گەلە کەیان.
هەر بۆیە لە ڕۆژی دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام داوا لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و ناوەندکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین، کە هیچی تر لە ئاست ئەو پێشێلکاریە ئاشکرایەی ڕژیم کۆماری ئیسلامی ئیران لەمەڕ بەڕێوەبردنی سزای ئیعدام بێ دەنگ نەبن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ئەو سزا دژی ئینسانیە. داوا لە وڵاتانی دێموکرات و کاریگەری دونیا دەکەین کە بەردەوام خۆیان بە داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پێش قەراوڵی پاراستنی مافی مرۆڤ دەزانن، سات و سەودا بازرگانییەکانیان کار نەکاتە سەر ئەوە کە چاویان لە بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی سزای ئیعدام بنوقێنن و بێدەنگ نەبن .
داوا لە کۆمەڵگای ئیران و بەتایبەتی کوردستان دەکەین، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە هەموو ئاستێک دا تواناکانیان ڕێک بخەن، بۆ دژایەتی و ڕاگرتنی ئەو سزایە واتە” ئیعدام “،کاری جیدی و هەنگاوی جیدی هەڵبگرن. بۆ ئەوەی بە هەموولایەکمان بتوانین ڕێگری لە بە ڕێوەچوونی ئەو سزایە بەکەین و چیتر کوران و کچان و گەنجانی وڵاتەکەمان لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نەبنە قوربانی وسەریان نەچێتەبن پەتی سێدارە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٠٢١/١٠/١٠