‌ پشتراست کردنەوەی سزای سێدارەی ‌ بەندکراوی سیاسی کورد شاکر بێهرووزی

خۆڕاگری:ڕۆژی سێ شەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بەند کراوی سیاسی کورد “شاکر بێهروز ی” خەڵکی ورمێ کە بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئیران ،پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ سزای سێدارەی بە سەر دا سەپێندرابوو ،لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵات وەک خۆی پشتراست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئیقنلابی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردی دژبەری ئێران” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە” و “کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی “ئەماننامە” گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

نجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا:https://instagram.com/defence.of.political.prisoners