‌ ڕێکخراوە سێنفی و دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

خۆڕاگری: ڕێکخراوە سێنفی و دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیاندنەکەیان دا وێڕای پشتیوانی لە بەیاننامەی چالاکانی سیاسی مەدەنی ناوخۆ، ڕوو بە کۆمەڵگای جیهانی ڕایانگەیاندووە: بەشی هەرە زۆرمان ناوەندی کاروچالاکی ڕۆژانەمان لەو شوێنانەیە کە مەترسی هێرش کردنیان لەسەرە، بۆیە لە ئەگەری هەر هێرش و کردەوەیەکی تیرۆریستی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو ماوەیەدا چەندین جار پاتەیان کردووتەوە، ژن و مناڵ و کەسانی بێ تاوان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەبنە قوربانیی زیادەڕۆییەکانی ڕێژیم.

دەقی ڕاگەیاندنەکە:

بەڕێزان:
حکومەتی هەرێمی کوردستان
نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان
کونسولگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ

هەر وەک ئاگادارن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەهانەی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی داوەتە تۆپباران و بۆمبباران کردنی ناوچە سنووریەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، هەروەها بەرپرسانی سپای پاسداران هەڕەشە لە شوێنی ئاوارەکانی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانیش کردووە. ئێمە وەک ڕێکخراوە سێنفی و دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران کە سەرقاڵی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیین بەشی هەرە زۆرمان ناوەندی کاروچالاکی ڕۆژانەمان لەو شوێنانەیە کە مەترسی هێرش کردنیان لەسەرە، بۆیە لە ئەگەری هەر هێرش و کردەوەیەکی تیرۆریستی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو ماوەیەدا چەندین جار پاتەیان کردۆتەوە، ژن و مناڵ و کەسانی بێ تاوان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەبنە قوربانیی زیادەڕۆییەکانی ڕێژیم.
هەر بۆیە داواکارین لە ئێوە بەڕێزان، بەهەر شێوەیەک بۆتان دەگونجێ گوشار بۆ ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە بێنن بەڵکوو خەڵکی ئاسایی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە لەم وڵاتەدا بەناچار پەنابەرن، نەکەونە بەر پەلاماری هێرشی تیرۆریستی و نەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە تەوێڵی جیهانی ئازادەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە وەک ڕێکخراوە سێنفی و دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی خۆمان لە ڕاگەیاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆ ڕادەگەیێنین و پێمان وایە ئێران بە بیانووی هێزی پێشمەرگە، خەڵکی سڤیلی ناوچە سنوورییەکانی کردوەتە ئامانجی هێرش و بۆردومان، کە ئەوە بووەتە هۆی زەرەر و زیانی وەرزێران و مەڕداران و لەنێوچوونی ژینگە و دەرەنجامی زۆر خراپی ڕوحی و ڕەوانی لێکەوتۆتەوە، ئێمە پێمان وایە، چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی تیرۆر، ئیعدام، تۆپباران، هێرشی نیزامی و هەڕەشەکردن چارەسەر نابێت و دانپێدانان بە خواستی نەتەوەی کورد و پێدانی مافی ڕەوا و یاسایی و سرووشتی و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد تەنیا ڕێگایەکە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە درووست دەکات.

بەسپاسەوە

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)
ناوەندی منداڵپارێزی ڕوژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
سێ شەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠- ٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢١ نجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا:https://instagram.com/defence.of.political.prisoners