‌ دەستبەسەر کراوی کورد یاسر مەنگووری لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لە دەست دا

خۆڕاگری:هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی یاسر مەنگووڕی، کە نزیکەی دوو مانگ لەوەپێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دا گیانی لە دەست دا. بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی١٤٠٠ی هەتاوی لە حالێکدا کە تەرمی یاسر مەنگووری تائێستا تەحویلی بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ناوبراو بەڕێوە دەچێت.
بنەماڵەی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ پەیوەندیان پێوە کردوون و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان گیانی لە دەست داوە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە یاسر مەنگووری لە تێکهەڵچوونەک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گیان لە دەست داوە،ئەوە لە حاڵێک دایە کە یاسر مەنگووڕی شەوی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی کاتێک لە ماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوەو بۆ لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری ورمێ.
یاسر مەنگووڕی کوڕی مستەفا خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و کە لە ماوەی دەستبەسەر کردنیدا لە مافی چاو پێکەوتن و پێوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە. ئەنجوومەن: https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners