ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی کاک عوسمان مستەفاپوور

بەداخەوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی خەرمانان کاک عوسمان مستەفاپوور، قارەمانی نێو چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران پاش ماوەیەکی زۆر بەەربەرەکانی لەگەڵ کرۆنا لە نەخۆشخانەی شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد. کاک عوسمان مستەفاپوور، کوری حوسێن خەڵکی ئاوایی کاسەکەرانی سەر بە ناوچەی پیرانشار لە تەمەنی تازەلاویدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە. کاک عوسمان ڕۆژی ٢٤ی پووشپەری ١٣٧٠ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانە لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە دیل گیرا. ئەو هەر لە یەکەم ساتەکانی کەوتنە بەر دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و، ڕەفتاری دڕندانەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم تا ساڵانێکی زۆر درێژەی هەبوو. کاک عوسمان لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم‌دا هەموو ئەشکەنجەیەکی لەسەر تاقی کرایەوە، بە هەموو شێوەیەک ئازاری جەستەیی و دەروونی درا؛ بەڵام ئەوەی بەچۆکدا هات کۆماری ئیسلامی و ئەوەی سەربەرز لەو تاقیکارییە سەختە هاتە دەر، عوسمان مستەفاپوور بە ئیرادە و باوەڕی پۆڵایینی بوو.کاک عوسمان لە ماوەی ٢٨ ساڵ مانەوەی لە زینداندا، بەندیخانەی کردبووە سەنگەرێکی دی بۆ خەبات و مافخوازی. ئەشکەنجە، گوشاری دەروونی، ئێعدامکرانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و سەپاندنی حوکمی قورس هیچ‌کام کاریان نەکردە سەر وری بەرز و شۆڕشگێڕانەی. ئەو ماوەی ٢٨ ساڵ بەو نەفس‌بەرزییەوە لە زیندانەکانی تاران، تەورێز و ورمێ‌دا بە دەنگی بەرزی ئیرادەخوازی و خۆڕاگری مایەوە و بە سەری بەرزەوە میلەکانی زیندانی بەچۆکدا هێنا.کاک عوسمان مستەفاپوور دوای ئەوەی لە خەزەلوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا لە بەندیخانە ئازاد بوو، زۆر زوو خۆی لە ڕیزی هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات‌دا دیتەوە و شێلگیرانەتر لە جاران ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبیی گرتەئەستۆ. بەداخەوە ئەو لە دوو حەوتووی ڕابردوودا نەخۆشیی کرۆنای گرت، بەڵام بەرگەی ئازار و ئاسەوارەکانی ئەم دەردەی نەگرت؛ هۆکاری ئەمەش بۆ لاوازیی بەرگری لەشی بەهۆی ٢٨ ساڵ مانەوە لە زیندان و ئەشکەنجە و توشبوونی بە نەخۆشیی زۆر لەو ماوە دوورودرێژەدا دەگەڕایەوە و، بەداخەوە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلەکەماندا نموونەی زیندانیانی سیاسیی وەک بەڕێزیان کە پاش ماوەیەکی کورت ئازادبوون لە زیندان گیانیان سپاردووە کەم نین.بە مەرگی ناوەختی کاک عوسمان مستەفاپوور گەلی کورد تێکۆشەرێکی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و یەکێک لە ڕۆڵە ئازا و بەجەرگەکانی خۆی، یەکێک لە سیمبولە خۆڕاگرەکانی خۆی لە چەشنی عەزیز یوسفی لەدەست دا. ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی ویرای بەداخبوونی سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عوسمان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان، خێزانی خاتوون خانم و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و هەموو خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی شاری پیرانشار دەکا. ڕوحی بەرزەفڕی کاک عوسمان شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار.ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320 فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian تلگڕام:@xoragre ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners