دۆخی تەندروستیی قادر محەممەدزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ٣٦ ڕۆژ لەمەوپێش لە زیندانی یەزد مانی لە خواردن گرتووە، ناجێگیرە

‌ خۆڕاگری: دۆخی تەندروستیی قادر محەممەدزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ٣٦ ڕۆژ لەمەوپێش لە زیندانی یەزد مانی لە خواردن گرتووە، ناجێگیرە. ناوبراو کە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی کاتی لە لایەن داواکاریی گشتیی مەهابادەوە ڕەت کراوەتەوە، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر ئەو کارەی داواکاری گشتی ،لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژەوە دەستی بە مانگرتن کردووە. ئەم زیندانییە سیاسییەی کورد کە ١٦ ساڵ لەمەوپێش ٢٠ ساڵ سزای بەند کرانی بەسەر دا سەپابوو لە بەندیخانەکانی ورمێ و یەزد بەند بووە، تا ئێستا مۆڵەتی مەرەخەسی پێ نەدراوە.
ئەندامێکی بنەماڵەی قادر محەممەدزادە بە مێدیاکانی ڕاگەیاند، قۆناغە یاساییەکانی داواکاریی بۆ پێدانی مەرەخەسی کاتی تەواو بووە،بۆ ئەم مەبەستە هەم دادگا و هەم بەرپرسانی بەندیخانە یەزد رەزامەندیان بۆ مەرەخەسی ناوبراو نیشان داوە ،تەنانەت بارمتە یەک ملیارد تمەنی بۆ ناوبراو دانراوە، بەڵام بەداخەوە داواکاری گشتی شاری مەهاباد بە بەهانەی ئەمنییەتی بوونی کەیسەکە لە گەڵ داواکاری مەرەخەسی قادر محەممەدزادە دژایەتیان کردووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٨دا هەر بە هۆکارێکی هاوشێوە مانی لە خواردن گرتبوو و دوای مانگێک و ٩ ڕۆژ لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.
قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٨٤ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری رێژیم سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا. ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners