دەقی وتاری بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆڕیادی پەردەلادان لە کتێبی “دیرۆکی خۆڕاگری”


بە سڵاو لە قارەمانەتی و خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان کە هەر ئێستا لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وانەی ئیمان و نەسرەوتن تا سەرکەوتن بە گوێی لاوان و کۆران و کچانی وڵاتەکەمان دادەدەن. سڵاو لە ڕوحی بەرزەفڕی شەهیدان بەتایبەتی هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو سەربەرزیی خۆیان و نەتەوەکەیاندا بە سەخاوەتەوە سەریان دانا.

بەڕێزان، بەشدارانی ئازیز!

 بەخێر بێن بۆ ڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی “دیرۆکی خۆڕاگری”. هەر لێرە و لە دەسپێکدا جێگای خۆیەتی یادێک لە نەمر جەلیل گادانی بکەین کە ماوەی ١٣ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەریی خۆی لە بەندیخانەی ڕێژیمی پاشایەتیدا تێپەر کرد و، بۆ ماوەیەکیش بەرپرسایەتیی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر شان بوو. لە پشت ئەم تریبوونەوە و بە نوێنەرایەتی لەلایەن ئەنجومەنەوە سەری ڕێز بەرامبەر قامەتی بەرزی دادەنوێنم.

هاوڕێیانی بەڕیز!

کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان بۆ ئەوەیە کە پەردە لەسەر کتێبی “دیرۆکی خۆڕاگری” لا بدەین، کتێبێک کە کورتەمێژوویەکی لە قارەمانەتی و خۆڕاگری بەشێک لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمانی تێدا تۆمار کراوە. مێژوویەک کە پڕیەتی لە ئازار و ئەشکەنجە و ئێعدام. بەڵام ئەوە هەمووی نییە، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەبینین کە بەسەرهاتی ئەو بەندییانە پریەتی لە ئازایەتی و تەسلیم نەبوون بەرامبەر زوڵم و زۆریی ڕێژیمی دژەمرۆیی و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی. هەروەها پڕیەتی لە هیوا و هومێد لەپێناو ڕزگاری و بەردەوامی و درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەختەوەریی گەلی کورد لە کوردستان. هەربۆیە جێگای خۆیەتی سپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە بەرهەمهێنان و بە‌چاپ‌گەیاندنی ئەم کتێبە بەنرخەدا هاوکارمان بوون.

هاوڕێیانی هێژا!

ساڵی ١٣٨٦ هەتاوی بە هەوڵ و هیمەتی کۆمەڵێک بەندیی سیاسیی ڕزگاربوو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی، هەوڵی دروست‌کردنی ناوەندیک بۆ کۆکردنەوەی زیندانیانی سیاسی درا. مەبەست لە دروست‌کردنی ئەو ڕێکخراوەیە هاوکاری و پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و ناساندنی هەرچی زیاتری ڕوخسار و کردەوە و کارنامەی کۆماری ئیسلامی بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە مەڕ پێشێل‌کردن و لەبەرچاونەگرتنی مافی زیندانیانی سیاسی بوو، کە ئەم هەوڵە دواجار دامەزرانی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”ی لێ کەوتەوە.

ئەم ڕێکخراوەیە لە ماوەی١٤ ساڵ تەمەنی خۆیدا سێ کۆنفرانسی گشتیی بۆ ئەندامەکانی پێک هێناوە و کۆمەڵێک کەس بەپێی توانا و هەلومەرج و زەرفییەت و مەودای کار کردن، زەحمەتیان تێدا کێشاوە و کارەکانیان بەرەوپێش بردووە. ئەنجومەن لەو ماوەیەدا کەم و زۆر کاری لەسەر پەروەندەی زیندانیان و ئێعدام‌کراوانی سیاسی کردووە و لەدژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەسۆنگەی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی زیندانیانی سیاسی دەنگی هەڵبڕیوە و هەڵوێستی بووە و ئاکار و ڕەفتارەکانی ئەم ڕێژیمەی لەقاو داوە. هەوڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە بووە لە ڕێگەی هەڵوێستەکانی و کاری مێدیایی و پێوەندییەکانیەوە، سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بەهۆی کۆماری ئیسلامییەوە ئاگادار بکاتەوە.

بەڕێزان!

تازەترین بەڵگەی ئەو پێشێلکارییانەی کۆماری ئیسلامی لە هەک‌کرانی دووربینەکانی چاوەدێریی بەندیخانی ئیڤینی تاراندا بەرچاو دەکەون و ئەو دیمەنانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی ٤٢ ساڵی ڕابردوو و لە هەموو ماوەی دەسەڵات و حوکمرانیی نگریسی بە سەر گەڵانی زوڵم‌لێکراوی ئێراندا دوور لە هەموو بەها ئەخلاقی و ئینسانییەکان بەرانبەر بە زیندانییان ڕەفتاری کردووە. ئەو جینایەتانەی کە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ دا گەیشتنە لوتکە و دواتریش لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆر هەتا ئێستاش درێژەیان هەیە.

ئەنجومەن وێڕای ڕووماڵی ڕۆژانەی ڕووداوەکانی پێشێل‌کردنی مافی گیراوان و بەندییە سیاسییەکان، ئەوەندی لە توانایدا بووە کاری لەسەر بە دیکۆمێنت‌کردنی ناوی زیندانیانی سیاسی، ئێعدام‌کراوانی سیاسی و تێرۆرکراوان کردووە و ئەو بەڵگانەی تۆمار کردوون. لە هەمان کاتدا گرینگی داوە بە تۆمارکردنی ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەی زیندانیانی سیاسی و لە ڕێگای بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی، بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە و کۆکردنەوەیان لە توێی کتێبدا هەوڵی نووسینەوەی ئەم مێژووەی داوە. کتێبی “دیرۆکی خۆڕاگری”یش کە ئەمڕۆ پەردەی لەسەر لادەدەین، بەرهەمی ئەو زەحمەت و بەدواداچوونانەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆردستانە بۆ بە‌پەروشبو‌ون و زیندوو ڕاگرتنی ئەو مێژووە و هەموو ئەو کۆڵنەدان و خۆڕاگرییەی کە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تۆماریان کردووە. ئەمن هیوادارم ئەنجومەن لەمەوبەدواش لەو کارە بەنرخە غافڵ نەبێ و لە هەر ڕێگایەک کە بۆی برەخسێ کار لەسەر تۆمارکردنی ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە بکا کە بەشێکی گرینگە لە مێژووی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئامادەبووانی هێژا!

هەڵبەت ماوەی ١٤ ساڵ بۆ ڕێکخراوێک تەمەنێکی کەم نییە و دەکرا و دەبووا ئەنجومەن کار و پروژەی زیاتری لەپێناو ئامانج و ئەرکەکانیدا بەئەنجام گەیاندبا. ئێمە دەزانین چاوی زۆرمان بە سەرەوە بووە و چاوەڕوانیی زۆرتر لە ئەنجومەن کراوە و ئەوەش ئەرک دەخاتە سەر شانی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن کە لە وەرزی نوێی کار و تێکۆشانی ڕێکخراوەییماندا هەڵسوورتر و چالاکتر لە جاران بەشداریی کار و پڕۆژەکانی ئەنجومەن بین و هەوڵ بۆ بردنە سەرێی زیاتری ئیعتباری مەعنەویی ڕێکخراوەکەمان لەنێو کۆڕوکۆمەڵەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤدا بدەین. بەتایبەت لە ئێستادا کە دەبینین لە دادگا سەربەخۆیەکانی وڵاتانی ئورووپاییدا پەروەندەی پێشێل‌کردنی مافی زیندانییە سیاسییەکان دەخرێتە گەڕ و تاوانباران و بکەرانی جینایەتەکانی ڕێژیم پەلکێشێ دادگا و ڕیسوا دەکرێن.

دەشزانین کە گەلی کورد و ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بەهۆی خەباتی مافخوازانە و خۆڕاگریی ئەفسانەییان لەبەرامبەر سەرکوت و جیناتەکانی کۆماری ئیسلامیدا پشکی شێریان پێ دەبرێ. دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەو جینایەتانەی دەرحەق بە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە کراوە و لەقاودان و ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ئەرکێکە کە دەبێ بە هەمووان شانی وەبەر بدەین و پتر خۆی بۆ ماندوو بکەین. جارێکی دیکە سپاس بۆ بەشداریتان لەو کۆبوونەوەیەدا و بە هیوای سەرکەوتنی هەرچی زووتر بەسەر زوڵم و بیدادیی کۆماری ئیسلامیدا.

ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners