هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

‌ خۆڕاگری:ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، حوسێن حەسەن‌خانی، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی مەکتەب قورئان لە مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە: ” کاک حوسێن کە بە تۆمەتی بێ‌بنەما و دووپاتکراوەی “پڕۆپاگەندە دژی نیزام” دۆسیەسازیی بۆ کرابوو، سەرەڕای ئامادەبوونی ناوبراو لە کاتی خۆی لە دادگوستەری و لەقی پەیوەندیداردا، بەبێ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی دادگا بۆ پێشگرتن بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتی دژی ناوبراو، بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو و بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا؛ شایانی باسە کە لە دادگای پێداچوونەوەداهیچ ئاوڕێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەڵگەی ناوبراو لەمەڕ بێتاوانبوونی، نەدراوەتەوە و تەنانەت بەبێ بانگهێشتکردنی ناوبراو و پارێزەرەکەی، دیسانەوە ئەو حوکمە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە پشتڕاست کراوەتەوە”.

هەروەها شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئان ڕایگەیاندووە: “بەرپرسایەتیی پاراستنی تەندروستی حوسێن حەسەن‌خانی کە تەمەنی ٦٢ ساڵە بەهۆی نەشتەرگەریی دەریچەی دڵ، لەژێر چاوەدێریی بەردەوامی پزیشکی دایە و هەروەها ئاوڕنەدانەوە بەنیسبەت ئەم بارودۆخە لە کاتی گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، مەترسیی بۆ گیانی ناوبراو هەیە و هەروەها لێکەوتە پڕ مەترسییەکانی لە ئەستۆی تەواوی بەرپرسە پەیوەندیدارەکانەوەیە”.

مانگی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو مامۆستا خانەنشینکراوە، بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژی نیزام” لەلایەن لەقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٣ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.
ماڵپەری ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320

فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian

تلگڕام:@xoragre

ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners..