بەشی دووهەم رێباز ئازەرپوور سڕینەوەی ئەو کاریگەریانە لەسەر سیماکانمان کە بە هـۆی ئەشکەنجەی رووحی و جیسمی لەسەرمان کرابوو و کارێک نەبوو کە هەر وا بە هاسانی بتوانین لە عۆهدەی بێینە دەرێ و پێویستی بە خۆ دیتنەوەیەکی نوێ هەبوو، ئەویش لە شوێنێک کە لەگەڵ دیتنی هەر جۆرە پێشێل کارێکی مافی مرۆڤ، برینەکانمان سەر لە نوێ قرتماغەیان دەبەست و رێی لە ئاسایی بوونەوەمان دەگرت. چەند بەندییەکی سیاسی کە هەم کەم ئەندامی حیزب بوون و هەمیش سزای قورسیان بەسەردا سەپابوو ببوونە وێنا بۆمان، بەڵام قەبووڵ کردن و دیتنی جەستەی بڕدراوی ئەو بەندییە سیاسییانە، گەلێک دژوار بوو بۆ ئێمە کە لە چاویان ساغ و سڵامەت بووین و تەنانەت، سزاکانیشمان زۆۆر لە سزای ئەو قارەمانانە کەمتر بوو. جیا لەوەش قەبووڵ کردنی ئەو واقعییەتە کە ئێمە وەک بەندی سیاسی پێویستە، لە پێش چاوی بەندییەکانی تر، سیمای خۆمان جوانتر ڕاگرین و ببینە ئۆلگو بۆیان، هێندەی دەکەش هاندەرمان بوو بۆ هێمایەک لە خۆڕاگری یەکییەک لەو قارەمانانەی کە خۆڕاگرێتی و سیمای جوانی ببوو بە وێردی سەر زاری هەمووان، قارەمانی زیندان، کاک محەممەد شاروێرانی بوو هەرچەند کاک محەممەد شاروێرانی هەموو شەوێک بە هۆی چڵک کردنی لاقی کە لە ئیتلاعات بڕدابۆوە، دەیناڵاند و ئێمە بەندییە سیاسییەکان، شاهید بووین کە چ ئازارێک دەکێشێ، بەڵام قەت بۆ تاقە جارێک نەبوو کە ئەو قارەمانە بە زمان یا بە رووخسار بیدرکێنێ کە ئازاری هەیە و هەموو کاتیش بزەی لەسەر لێوان بوو. کووپەی ۳ ی، بەندی ۳ی، گرتووخانەی مەهاباد بە هۆی بوونی کاک محەممەد و شەهید کەریم تووژەڵە، ژووری قارەمانەکانی ناو گرتووخانەی مەهاباد بوو لەو ژوورە جگە لە کاک محەممەدی برا گەورە و سەروەری بەندییە سیاسییەکان، قارەمانی ناو زیندانەکان و قارەمانی شاخ، شەهید کەریم تووژەڵەشی لێ بوو شەهید کەریم تووژەڵە، بە هـۆی دەرزییەک کە لە ئیتلاعاتی ورمێ لێیان دابوو، جار نا جارێک، لە هۆش دەچوو و لە دەست و لاق دەکەوت و هەر لە ئیتلاعاتیش پێیان ڕاگەیاندبوو کە گەر لە سێدارەش نەدرێی، ئەو دەرزێ بە پێی تێپەڕینی تەمەنت دەتکوژێ.. بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگای سرنج بوو، وەرەیی و خۆڕاگری شەهید کەریم تووژەڵە بوو کە تا دوایین ساتەکانی پێش لە سێدارە دانی، خۆڕاگرتر لە پێشوو بوو رۆژی لە سێدارەدانی کاک کەریم تووژەڵە، ” مامۆستا ح” وەک مامۆستای ئایینی دەچێ تا کاتی گیان دانی لەسەر سەری بێ، پاش شەهید بوونی کاکی کاکان، شەهید کەریم تووژەڵە، باسی لە کاک کەریم کرد کە لە وڵامی بەرپرسی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ کە پێی وتبوو تۆبە بکە، دەتبوورم، وڵامی دابۆوە من کەریم تووژەڵەم و سەتی وەک تۆم دەرس داداوە و ئەوە تۆی کە دەبێ تۆبە بکەی تا هاوبیروباوەڕەکانم بتبوورن، تۆ تەنیا جەستەی من لە سێدارە دەدەی ی، بیرو باوەڕم ناتوانی لە سێدارە بدەی. چەند شەقاو ئەوبەر تری ژووری قارەمانانی زیندان، دوو قارەمان لە گۆشەی ژووری ژمارە ۴، بە دەردێکەوە دەیانناڵاند، بەڵام ئەوانیش وەک شاروێرانی قەت نەبوو بیدرکێنن کە چ ئازارێکیان هەیە. یەکیان بەزۆرینەی کاتەکان بە دزی و بە بێ وەی کە کەسێک بیبینێ، برینەکانی سەر مەفسەلەکانی دەست و لاقی بە کرێم سارێژ دەکرد و گەر لێشیان دەپرسی دەست و لاقت بۆ ئاوایە، بە پێکەنینە نەرمونیانەکەیەوە دەیکوت، مێشوولە پێوەی داوە.. بەڵام خۆ مێشوولە نەبوو، ئازارێک بوو کە لە ژووری تاکەکەسییەکانی ناو ئیتلاعات تووشی ببوو و ساڵی ۱۳۷۸ نزیک بە ۱۰ ساڵ بوو، ئەو برینانەی هەڵدەکڕاند. ئەوی تریشیان کەم ئەندامێکی حیزب بوو بە نێوی مام غەفوور، مام غەفوور لاقێکی نەمابوو ئەو لاقەی بۆیان چاک کردبوو، هی حیزب بوو.. مام غەفوور سوڵتانفەر “بەیرەم” رووڕاست و قسەلەڕوو بوو، بێ پەردە دەیکوت ئەمن دێموکراتم و ئەو لاقە مەسنووعێشم کە حیزب بۆی ساز کردووم لە هەمووتان خۆشترم دەوێ. کەسێکی شۆخی باز بوو و قەت کەس نەیدەزانی چ ئازارێکی هەیە… بەڵام مام غەفووریش وەک قارەماناکەنی تر، ئازارگەلێکی هەبوو کە قەت کەس لێی نەزانی. هەر لەو ژوورەش شەهید جەلیل زێوەیی لێ بوو کە ئەویش نزیک ۹ ساڵ بوو چاوەڕێی لەسێدارە دان بوو و گەر قسەت لەگەڵ دەکرد، بە زمانی شیرنی ناوچەی سەردەشت دەیلاواندێوە. ڕەنگە نەتوانم بە روونی نێوی ئەو قارەمانانەی دیکەش بێنم کە سەنگەری خۆڕاگری دێموکراتیان ڕاگوێستبۆوە ناو زیندان و رۆژانە دەرسی موبارزە و … فێر دەکردین. ئاخر زۆرێک لەو خۆشەویستانە کە ئەو کات نزیک بە ۱۲ ساڵ بوو لەناو زیندان دا بوون، ئێستا لە باوەشی گەرمی بنەماڵەکانیان دان سەری رێزو حوڕمەت بۆ هەموو بەندییەکی سیاسی دادەنوێنم سڵاو لە هەموو بەندییە سیاسییەکان