پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە یادی ٣٨ ساڵەی ئێعدامی بە کۆمەڵی ٥٩ لاوی کورد لەشاری مەهاباد

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
لاوانی ئازا و بە هەڵووێست!
نزیک بە چوار دەیە لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی، بۆ چەسپاندنی هێژموونی و دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی خۆی، لە شاری مەهاباد ٥٩ لاوی بێ تاوانی دەسبەسەر و ئیعدام کردن کە بەشێکیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بوو و بەتەمەنترینیان تەمەنی ٣١ ساڵ بوو.
ئەو ڕەشبگیری و گۆڕوەشار کردنە ئەمڕۆکە لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی جیهانی ڕەهەندێکی یاسایی و نوێی بەخۆیەوە گرتووە و پێویستە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم کارەساتە و هەروەها شاهیدەکانی ئەم کارەساتە، بە هێنانەگۆڕی بەڵگەی زیاتر و دێکۆمێنتی زیاتر ئەم کەیسە بگەیەنن بە ئەنجامێک کە ڕووخساری جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بە جیهان بناسێنێت.
لەسێدارەدانی ئەو ٥٩ لاوەی مەهاباد، لەگەڵ ئەوەی کە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران کۆستێکی قورس بوو ، بەڵام ڕووی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی تەمەنی، بە خەڵکی ئێران و جیهان نیشاندا و لە هەمان کاتدا تۆوی ڕقی پیرۆزی تۆڵەی لە دڵی تێکۆشەران و لاوانی کورددا چاند. لاوانی کورد بە پەیوەست بوونیان بە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان نیشانیان دا کە بە چاو سوور کردنەوە و تۆقاندن و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد، نە تەنیا خەبات بۆ ڕزگاری کۆتایی نایەت و بزووتنەوەی کورد هەرەس ناهێنێ، بەڵکۆ بە گوڕتر لە هەمیشە مافەکانی نەتەوەکەمان لە سەنگەری خۆڕاگری و بەرگری دا بەرەو پێش دەبەن و هەروەها بەندیخانەکان و چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە ئامرازی ترساندن و تۆقاندنن، دەکەنە سەنگەرێکی دیکەی بەرئەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم ڕێژیمە.

لاوانی شۆڕشگێڕ و میراتگرانی ڕێبازی شەهیدان!
ئێوە کە مێژوویەکی دوور و درێژتان لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم هەیە، بە خۆشییەوە لە قۆناغێ نوێ و لە زۆر پرسی نەتەوەیی دیکەشدا دەوری پێشەنگتان هەبووە و بە بۆنەی جۆراوجۆر تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیتان درێژە پێداوە، هەنووکە پێویستە لە هەڵبژاردەنەکانی ئەمجارەی سەرۆک کۆماری ئێراندا پەیامی خۆتان بە گوێی تاران و جیهان بگەیەنن.
بێگومان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەو قۆناغەدا کە رێژیم بۆ یەکدەست کردنی سیستمی ئیدارەی ئێران، دەستی لە سڕینەوەی مۆهرەکانی نزیکی خۆشی نەپاراستووە، پەیامێکی بەهێز و کاریگەرە بۆ تاران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
هەر بۆیە پێویستە لاوانی کورد بە بیرهێنانەوەی جینایەتەکانی ڕێژیم، وەکوو ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد و کارەساتەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و تێرۆری ڕێبەرانی کورد و، هەروەها بەبیرهێنانەوەی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و کوردستانە ، سندووقەکانی دەنگدان بۆ شانۆی هەڵبژاردن بەتاڵ بکەنەوە و بەشداری لەو دەستنیشانکردنە پێشوەختەدا نەکەن.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠