سەپاندنی سزای زیندان بەسەر چوار چالاکی کورد لە شارەکانی قووچان و پیرانشار

چوار کەسی خەڵکی شارەکانی قووچان و پیرانشار بە تاوانی “پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژ بە ڕێژیم” لەسەریەک بڕیاری دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە کوردستان، “مەنسوور فەرەجزادە”، تەمەن ۲۹ ساڵ کوڕی ڕەجەب بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە پێنج مانگ زیندان مەحکووم کرا.
ناوبراو ڕۆژی ۴ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاویدا و، لە پێوەندی لەگەڵ خۆشیدەربڕین بەبۆنەی بەڕێوەچوونی گشتپرسییەەکەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەسبەسەر کراوە. مەنسوور فەرەجزادە ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ۹ی سەرماوەزی ۱۳۹۶ لەدوای دوو مانگ لێپێچینەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
لە شاری پیرانشاریش سێ کەس بە ناوەکانی “سولەیمان محەممەدنژاد”، “باپیر بەرزە” و “ئەحمەد قەڵاتەڕەش”؛ ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷ لە دوای مەحکوومب کردنیان لەلایەن لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە و، هاوکات لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری سەرەتایی دادگا، بە دانانی بارمتە ئازاد بوون.
ئەو سێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنیان لەگەل حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە و بەپێی ئەم بڕیارە، ئەحمەد قەڵاتەڕەش ۵ مانگ، سولەیمان محەممەدنژاد ۱۲ مانگ و، باپیر بەرزە ۸ مانگ زیندانیان لەسەر ساغ کراوەتەوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای سەرەتایی، ئەحمەد قەڵاتەڕەش بە دانانی ۵۰ میلیۆن تمەن، سولەیمان محەممەدنژاد بە دانانی ۲۵۰ میلیۆن تمەن و، باپیر بەرزە بە بارمتەیەکی ۲۲۰ میلیۆن تمەن بارمتە، تا یەکلابوونەوەی حوکمەکانیان ئازاد کراون.