سەپاندنی ٢٥ ساڵ بەند کران بۆ پێنج زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی شاری ورمێ

خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ بە ناوەکانی: کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی، ئومێد سەعیدی، عەبدولعەزیز محەمەدپوور ونائیب حاجی پوور، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ وە، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، هەر کامیان سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای سەرماوەزی ئەمساڵ و بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بەڕیوە چووبوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بڕیاری دادگا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە شێوەی فەرمی بەو کەسانە ڕاگەیاندراوە.

ئەم پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ وە دەستبەسەر کرابوون و پاش مانگێک لێپێچینەوە، گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە.

ئێستا کەیوان رەشۆزادە،کامران قاسمی و ئومێد سەعیدی لە بەندی لاوان، عەبدولعەزیز محەمەدپوور لە بەندی سێ، و نائیب حاجیپوور لە بندی ٢-١ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کراون.