هاووڵاتێکی کورد سزای بەند کرانی ٥ ساڵ و ٥ مانگی بەسەردا سەپا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکەی خەڵکی شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، فەرزاد حوسێنی، خەڵکی گوندی دێوزناوی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدییەوە، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێراو و تێپەڕاندنی ٥ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاند، ئەم سزایە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەت دەرچووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندراوە.
فەرزاد حوسێنی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ (لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش سێ مانگ و پازدە ڕۆژ دەستبەسەری، لە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩بە دانانی بارمتەی قورسی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگایی کردنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە، فەرزاد حوسێنی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە پاش بانگ کرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە، بە فەرمانی دادوەر سەعیدی دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژی دیکە لە دەستبەسەرگەکانی کامیاران و سنەدا ڕاگیرابوو. https://t.me/xoragre https://xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-372211583572513