ئایناز زارع دوای پانزده‌ مانگ زیندانیبوون له‌ زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ ئازاد كرا

خۆڕاگری : بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٦ی سه‌رماوه‌ز، به‌ندكراوی سیاسیی كورد ئایناز زارع دوای پانزده‌ مانگ زیندانیبوون له‌ زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ ئازاد كراوە. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ٢٦ی گه‌ڵاڕێزاندا له‌ لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای كه‌یفه‌ریی ورمێ وە (تایبه‌ت به‌ منداڵان و مێرمنداڵان) «به‌ تۆمه‌تی چالاكیی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پابوو، به‌ڵام دوای تانەلێدان و داوای پێداچوونەوە بە حوکمەکەدا‌ دۆسیه‌كه‌ی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ورمێ دا كه‌م كرایه‌وه‌ بۆ یه‌ك ساڵ زیندان.

ناوبراو لەگەڵ دایکی بە ناوی شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە. شانازی سادقی‌فەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ئێران لە گەڵ ئایناز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر  کرابوون.