خۆسووتاندنی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ورمێ ناڕەزایەتیی بەندکراوانی دیکەی لێ کەوتەوە

پاش ئەوەیکە بەندکراوێکی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە بەرانبەر ژووری‌کاری ئەفسەری نیگابان خۆی سووتاند، سەدان بەندکراوی ئەم بەندیخانەیە ناڕرەزایەتییان دەربڕی و هەر بۆیەش هێزە تایبەتەکان چوونە ناو بەندیخانەوە بە لێدان و توندوتیژی ڕووبەڕووی ئەو بەندکراوانە بوونەوە.
نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۵ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بەندکراوێک بە ناوی “حوجەت کازم نژاد”، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ئازاد نەکرانی پاش تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، لە کاتێکدا کە سەری خۆی لە گەچ گرتبوو لە بەردەم ژووری‌کاری ئەفسەری نیگابان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەم هۆیەوە قاچێکی زۆر بە سەختی بریندار بووە.
ئەم بەندکراوە کە لە بەندی ٢ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە، کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ جارێکی دیکە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتە بەر لێدان و ئەمەش بوو بە هۆی کاردانەوەی بەندکراوانی دیکە و شەڕ و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزەکانی جێگیر لە ناو بەندیخانە.
لە پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە بەندەکانی ١،٢،٣ و ٤ کە زیاتر لە هەزار بەندکراو لەم چوار بەندەدا ڕاگیراون، بەرپرسانی بەندیخانە، دەرگاکانی بەندیخانەکەیان داخستووە و هەر جۆرە هاتوچۆیەکیان قەدەغە کردووە و هێزەکانی یەکەی تایبەت چوونەتە ناو بەندەکان و دەستیان کردووە بە لێدانی بەندکراوان.
شایانی باسە کە بەندکراوانی ئەو چوار بەندەش سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و پەتووەکانی خۆیانیان سووتاندووە بە شێوەیەک کە دووکەڵ و بۆنی پەتووی سووتاو، سەرانسەری بەندیخانەکەی گرتووەتەوە.
هەروەها ژمارەیەک لە بەندکراوانیش بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی چوونە دەرەوە، قەبووڵ نەکرانی داوایان بۆ ئازادبوونی مەرجدار و گرانیی لە ڕادەبەری کەلوپەلی فرۆشگای ناو بەندیخانە، ناڕەزاییان دەربڕیوە. https://t.me/xoragre https://xoragri.com