عادڵ موکەڕەم لە زیندانی ورمێ بۆ جاری دووهەم هەوڵی خۆکوشتنی دا

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٩، عادڵ موکەڕەم، زیندانیی سیاسیی لە بەندیخانەی ورمێ و لە ژووری تاکەکەسیدا بۆ جاری دووهەم لەبەر ڕەوشی ئاڵۆز و نادیاری خۆی هەوڵی داوە بە خواردنی ورکە شووشە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنیت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر بۆ نەشتەرگەری و شۆردنەوەی گەدەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە.

دوو ڕۆژ لەمەو بەر، ئەو زیندانیی سیاسییە لە گرتووخانەی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە “ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور ڕاگەیەندراوە. عادڵ موکەڕەم سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرا.