هۆشمەند عەلیپوور حوکمی ٣٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

خۆڕاگری: هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە حەوتووی ڕابردووی دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەکەی دادگایی کرابوو، حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٩ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو ڕۆژی شەممە پێنجی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) حوکمی سەپێندراو بە سەری کە ٣٨ مانگ بەندکرا بووە، بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.


  لەو ڕووەوە کە هۆشمەند ماوەی ٢٧ مانگە کە لە بەندیخانەیە چاوەڕوان دەکرێت کە ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی دیکە و دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد بکرێت.

حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کە پێشتر لەلایەن لقی یەکەی دادگای شۆڕشی سنە ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو،  دوو حەفتە پێش لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە.
 

هۆشمەند عەلیپوور کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”سەعیدی“ بە تۆمەتی ”بەغی“ لەرێگای ئەندامەتی لە حێزبێکی کوردی دژبەری ئێران حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

محەمەد ئوستاد قادر و هۆشمەند عەلی پوور ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ ( ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هیزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوای ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان  دانپێدانانی زۆرەملەی ئەم دوو کەسەلە تلویزیۆنی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.

دانیشتنی دادگای ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بەڕێوەچوو و حوکمی سێدارەی هۆشمەند ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.