دەستبەسەر کرانی دوو مامۆستای ئایینی کورد لە بۆکان

خۆڕاگری: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دوو مامۆستای ئایینی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٩ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دوو مامۆستای ئایینی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی “ئەمیر ئەرمەنی بڵاغیان” و “فایق شەریعەت پەنا” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

ئەمیر ئەرمەنی بڵاغیان کەسایەتی ئایینی و خەڵکی گوندی ئاڵەشینی بۆکان و فایق شەریعەت پەنا پێش نوێژی گوندی “حاجیاوا” سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەو دوو مامۆستا ئایینییە ماڵەکانیانان پشکنیوە و دەستیان بەسەر لەبتاب، مۆبایل و کتێبەکانیاندا گرتووە.

دوای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووسیان نادیارە.