لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ٤ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا دەکا

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، نیگەرانی خۆی لە دیار نەبوونی چارەنووسی ٤ بەندکراوی کورد و عەرەب لە زیندانەکانی ورمێ و ئەهواز دەربڕی و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە دەسبەجێ ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەوە بدەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی “هیدایەت عەبدوڵاپوور” زیندانی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ و “حوسێن سیلاوی” و”عەلی خوسرەجی” و “ناسر خوفاجیان” بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز چارەنووسیان ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتنیان نییە و دیار نییە کە لەسێدارە دراون یان لە بەندیخانەیەکی دیکەدان، هەر بۆیە ئەو ڕێکخراوە داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەی لە هەمبەر چارەنووسی ئەو ٤ کەسە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە.

شایانی باسە کە ئەم چوار زیندانییە سیاسییە لە لایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.