هاووڵاییەکی خەڵکی مەهاباد حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای دادوەرییی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا و دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٣ی مەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ”بێهام ئەلیاسی“ تەمەن ٢٥ ساڵ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بێهنام ئەلیاسی شەوی شەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٦ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار و لەماوەی ڕابردوودا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئێستا ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد تێپەڕ دەکات.