باوەڕ بە گەیشتن چەکی دەستی زیندانیی سیاسی

دیرۆکی خۆڕاگری

باوەڕ بە گەیشتن چەکی دەستی زیندانیی سیاسی

(٢_٢)

زیندان شوێنێکی داخراوە و زیندانی بۆ هەموو شتێک سنووردارە، بەڵام زیندانیی سیاسی هیچ هەل ودەرفەتێک لەکیس خۆی نادا و زیندانیش دەکاتە سەنگەری خۆڕاگری و خۆپێگەیاندن. ئەمنیش پشت‌بەستوو بە جێگە و پێگەی حیزبەکەم و بیروباوەڕی پیرۆزم کە لەسەری گیرابووم، هەوڵم دا هەموو کاتەکانم بە خوێندنەوە و وەرزش پڕ بکەمەوە.

دوای شەش مانگ مانەوە لە زیندانی ورمێ پێوەندیمان لەگەڵ حیزب دروست بۆوە و نامەیەکی کاک کەمال کەریمی لە ڕێگای هاوڕێیانی تەشکیلاتی نهێنی بە دەستمان گەیشت. نامەیەکی کورت بەڵام بە نێوەرۆک کە تێیدا هاتبوو ئەو ڕووداوە ناخۆشانە کۆتایی ژیان نییە، بەڵکوو دەکرێ سەرەتایەک بێ بۆ ژیانەوە و دەست‌پێکردنەوەیەکی دی. هەر ئەو نامەیە ورەی زۆری داینێ و وایکردکە زۆر زوو خۆمان لەگەڵ وەزعی زیندان بگونجێنین و ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین.

پێم باشە لێرەدا باسی دوو دیاردە بکەم کە بە ئاگاداریی وردی بەرپرسانی زیندان و ئیتلاعات دەستی جێبەجێ دەبوون. یەکەم بڵاوکردنەوەی مادەی هوشبەر و دووهەم بە جاسوسکردنی کەسەکان لەسەر هاوبەندییەکانیان. لە کەس شاراوە نییە کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا مادەی هوشبەر قوولە دەکا و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بۆتە سەرچاوەیەکی گرینگی داهات و هەموو بەرپرسانی زیندان لەو گەندەڵییە گلاون.  زۆر کەس هەبوون بە ساغی و لەبەر کێشەیەکی بچووک هاتوونەتە زیندان و بە مۆعتادی چونەتە دەر. ئەو پیلانانە بۆ بەندییە سیاسییەکان بەربڵاوتر بوو، و هەوڵی زۆریان دەدا کە زیندانییە سیاسییەکان موعتاد بکەن هەتا لەو ڕێگەیەوە ئیرادەیان تێک بشکێنن و بەسەریاندا زاڵ ببن؛ بەڵام ئەمە هەوڵێکی نەزۆک بوو و براوەی ئەم کێبرکێیە لە زۆربەی زۆری حاڵەتەکاندا هەر زیندانییانی سیاسی بوون.

هەروەها بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان کە دەیانویست ئاگایان لە هەموو هەست و نەستی زیندانییانی سیاسی بێت، بۆ ئەو مەبەستە کاریان لە سەر هێندێک کەسی نەفەس نزم دەکرد و پێیان‌وابوو دەتوانن لەو ڕێگایەوە کۆنتڕولی بەندییە سیاسییەکان بکەن و کێشە و ناکۆکییان لە نێواندا دروست بکەن کەو لەو هەوڵەشدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان نەبوو.

ئەمن لەو ماوەیە شاهیدی ئێعدامی چەند کەس لە هاوڕیێانم بووم. شەهیدان خالید شوقی، هەمزە قادری، ئەنوەر جەوانمەردی کە بەڕاستی نموونە و ئولگووی خۆڕاگری بوون. ئەوان بە پێکەنینەوە بەرەو پێلی پەتی سێدارە هەنگاویان نا بۆوەی نەکا دووژمن هەست بە سەرکەوتنی خۆی بکا. شەهید خالید شوقی پێش ئێعدامکرانی دڵخۆشیی ئێمەی دەداوە و ورەی پێدەداین. ئەو بە پێکەنینەوە دەیگوت کوڕینە نەچن بۆم ناراحەت بن، خۆ ئەگەر حەفتا جار ئێعدامم بکەن ناتوانن توڵەی خۆیان بکەنەوە (ئاماژەی بەو حەفتا عەمەلیاتە بوو کە فەرماندەیی کردبوون و  لەسەریان نووسیبوو). یان شەهید ئەنوەر جەوانمەردی کە بە هەڵاویشتنی نۆقل و شیرینی ماڵئاوایی لە هاو بەندییەکانی کرد و گوتی لەو ڕێگایەی گرتوومەتە بەر پەشیمان نیم و تاهەتایە بە ڕێگایەکی پیرۆزی دەزانم.

باسی کاک محەمەد شاروێرانی وەک نموونەیەکی دیکەی ئەم خۆڕاگرییەش دەکەم کە بە خۆشییەوە ئێستا لە ژیاندایە.  کاک محەممەد بەبرینداری دەگیرێ و بەهۆی پێڕانەگەیشتن و پشتگوێ‌خستنی برینەکانی بە داخەوە لاقی دەبڕنەوە. جارێکیان دوای ئەو هەموو جارانەی کەوتبووە بەر تیغی جەراحی لە زیندانی مهابادڕا بە مەبەستی چارەسەر هێنابوویانە زیندانی ورمێ. ئەو ڕوژەی لاقیان نەشتەرگەری کرد زۆر سارد بوو. هەر دوای عەمەلکردنی بە وەزعێکی زور نالەبار و بەبێ حاڵی فرێیان دابووە پشت قفڵ. بەهەر شێوەیەک بوو هێنامانەوە بەند. کاک محەمەد ئازاریکی زوری هەبوو، و نەک چارەسەر نەکرابوو، بەڵکوو وەزعی لاقی خەراپتر ببوو. هاوار و ناڵەی کاک محەمەد ئەو بەندەی داگرتبوو و بە ناچاری بردیان بۆ بێهداریی زیندان و من بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە خزمەتیدا بووم. نازانم چییان بەسەر هێنابوو کە خواردن و خەوتن و پشودانی کاک محەمەد ببوو بە هاوار و ناڵە و کەسیش جوابی نەدەداینەوە. ناکرێ و ناتوانرێ ئەم ڕۆژانە و ئەم دیمەنانە بێنییە سەر کاغەز و ئەم هەموو ئازار و مەینەتییە بە وشە بنووسیتەوە.

دوای سێ ساڵ و نیو لە زیندانی ورمێ‌ڕا بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دوورخراینەوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە کاک ئیدریسی هاورێم جیا کراینەوە. بارودۆخی ئەو زیندانە زۆر سەخت بوو. بە کیلۆ مادەی هۆشبەر دەهاتە زیندان و ئێمەش تێکەڵاو بە زیندانیی موعتاد و تەزریقی کرابووین، بەڵام دەبوا بەرگەمان گرتبا و بەچۆکدا نەهاتباین. وەبیر قسەکانی بازجوو و قازیی پەروەندەکەم کەوتبوومەوە کە دەیانگوت دەتشکێنین، بۆیە بڕیارم دابوو هیچ شتێک نەتوانێ زەفەرم پێ بەرێ و بەمجۆرە توانیمان ئەم قۆناغە سەختەش بە ڕووسووری ببڕین.

ئاخرین یادەوەریم لەو زیندانە ئەوە بوو کە ئێمە لەمێژ بوو لە هەوڵی وەرگرتنی مەرەخەسیدا بووین و بنەماڵەکانمان بەرەوام بە دوای ڕێگایەکەوە بوون کە بۆ ڕۆژێکێش بێ لە زیندان بێینەدەر کە بەخوشییەوە تێیدا سەرکەوتن و توانییان بۆ ماوەیەک مەرەخەسیمان بۆ وەرگرن.

دوای هاتنەوەم بۆ مالێ بۆ ماوەی دە ڕۆژێک لەگەڵ بنەماڵەکەم بووم و دوای هەماهەنگی لەگەڵ حیزب بڕیارمان دا  بگەڕێینەوە بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی. بەمجۆرە ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندان گەیشتینەوە بنکەکان حیزب و دەستمان بە کاری حیزنی کردەوە و هیوادارم بتوانین تا وەدیهاتنی ئاواتی شەهیدەکانمان لەم ڕێگا پیرۆزەدا بەردەوام بین.