چوار بەندکراوی سیاسی دوای مانگێک گەڕێندرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە

خۆڕاگری: چوار بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوون و نزیکەی مانگێک پێش ئێستا بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گوازرابوونەوە، سەر لەنوێ گەڕێندرانەوە بۆ ئەو بەندیخانەیە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١ی مەی ٢٠٢٠)، چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ”کەماڵ حوسێن ڕەمەزان“، ”ئەحمەد تەمویی“، ”عەلی ئەحمەد سولەیمان“ و ”ئیبراهیم عیساپوور“ دوای نزیکەی یەک مانگ گەڕێندراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و ئێستا لە بەندی قەرەنتینەی ئە وبەندیخانەیە ڕاگیراون.


ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە (٤ی ئاوریل) بە شێوەیەکی لەناکاو بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گوازرابوونەوە و لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەگرتووە.


 کەمال حەسەن رەمەزان، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری سرێکانی رۆژاوای کوردستانە کە لە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ دوو کەسی دیکەی خەڵکی ماکۆ لە نزیک شاری ئورمیە دەستبەسەر کران.


ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی  لەلایەن قازی شیخلو بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران حوکم درا.


کەمال حەسەن لە ساڵی ١٣٩٥ بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای ئورمیە بە شێوەی غیابی حومکی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لەو دادگایەدا کەماڵ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاک و شۆڕشی چەکدارەنە دادگای و حوکمی بەسەردا سەپێندرا.


ئەحمەد تەموویی خەڵکی سەڵماس، ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا. ناوبراو مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “پەیوەندی لە گەڵ پژاک” حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئیبراهیم عیساپوور خەڵکی سەردەشت، ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی دەستبەسەر و مانگی خاکەلێوەی ١٣٩١ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامیەتی و پەیوەندی لەگەڵ پژاک” حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە بۆ ١١ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


عەلی ئەحمەد سلێمان، خەڵکی باشووری کوردستان، مانگی خەزەڵوەی ١٣٨٤ی هەتاوی دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاک حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو کاتێک لە بەندیخانە بوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسداران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا کە بە ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکان لە جیاتی پارە دەتوانێ ئازاد بێت و هێشتا نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.