خۆراگری: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی ناڕەوای هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە و ١٠ هاووڵاتی و چالاکوانی دیکە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ناسنامەی ئەو دە هاووڵاتییە کوردە بەم شێوەیە ئاشکرا دەکات؛ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، مێلیکا کاوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ و لە دەسبەسەرکراوانی پێشووی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری کەرەج دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە.
ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئاکام زەندی لاوی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی شاری سنە لە ئاکامی هێرشێکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەستبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە دایە و هەروەها دیاکۆ ڕەجەبی، خوێندکاری زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی زەنجان و هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕفێندراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، فەردین سەیدە هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە تەنیا ٢ ڕۆژ بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بەهزاد عەبدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گاومێش گۆلی”ـی سەربە شاری میاندواو، بەرەبەیانی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار.
ئارمین مونسەریف، نووسەر و خوێندکاری دەرکراو لە زانکۆ و هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە کارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و ماوەی ٢٨ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکاندا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، عەلی شەمایلی مامۆستای وانەی کۆمەڵناسی و هاووڵاتیی خەڵکی شاری سونقوڕ، لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، سەلەیمان گرامی، چالاکی مەدەنیی و سیکان ڕۆشەنی، هەردووکیان خەڵکی مەلەکشایی سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

Be the first to comment