خۆڕاگری: لە درێژەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان بەخت کردووە.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی”، بەپێی بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ناسنامەی شەش شەهیدی دیکەی کوردی ئەم دواییانە کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەتەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم پێکراون بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:
ئەمیرڕەزا کرماجانی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی فەردیسی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی بەخت کرد و کامران نادری، هاوڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵانی خەڵکی شاباد، لە ١٨ی بەفرانباردا لە گەڕەکی ئیلاهییەی کرماشان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی جەنگی بە “سکی” شەهید کرا.
حەسەن سابت قەیسوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی هەرسین، هەر لە هەمانڕۆژدا (١٨ی بەفرانبار) لە کرماشان بەهۆی بەرکەوتنی چەندین گولـلە بە “پەراسوی” گیانی سپار و هەروەها موجتەبا محەممەدزادە، لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی کوردی خەڵکی قووچان و دانیشتووی مەشهەد، ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە گۆڕەپانی مێعراجی مەشهەد لە کاتێکدا گولـلە بەر “پشتی” کەوتبوو، شەهید کرا و مورتەزا یەعقووبی، هاوڵاتیی خەڵکی ئەسفەراین، لە ١٨ی بەفرانباردا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە، مێهدی ڕەحمەتی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی “سەراو قەرەخان”ـی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی چەندین گولـلەی جەنگی چەکدارانی خامنەیی شەهید کرا و بەپێی ئەم ئامارانە، زۆربەی قوربانییەکان لاون و بەکارهێنانی چەکی جەنگی و نیشانەگرتنی شوێنە هەستیارەکانی جەستە (وەک سک، پشت و پەراسو) ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ مەبەستی کوشتنی بە ئەنقەست لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە.

Be the first to comment