دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی شنۆ، ئیلام، کرماشان و بانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٦ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی “خۆڕاگری” گەیشتووە، شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێرانەوە پەرەی سەندووە و لە نوێترین حاڵەتەکاندا، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی سولەیمان بایەزیدی، حەسەن سەبووری، هەژار باریکی، کەمال شکاک و ئەیووب شکاک، دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە هەمان کاتدا هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی عیرفان جاویدان، بە هەمان شێوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە ئارادا نییە.

لە پارێزگای ئیلامیش زنجیرەیەک گرتن و ئازاردان تۆمار کراوە و ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، عیسا حەیدەری، خەڵکی گوندی “پاکل گراپ” سەر بە شاری بەدرە، لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.

هەروەها بەشێک لە هاووڵاتییان لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان دەسبەسەر کراون و ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، سەجاد ڕەحمانی خەڵکی ئاودانان، لە شاری تاران دەسبەسەر کراوە و لە شاری کەرەج‌یش، سێ هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار بە ناوەکانی محەممەد شەمس، کامیار ئەمڕایی و ئەمیر ئەمڕایی، لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا دەسبەسەر کراون و هاوکات ڕۆژێک پێشتر عەلی ئەمڕایی هەر خەڵکی دەڕەشار، لە تاران دەسبەسەر کراو و چارەنووسیان نادیارە.

لە حاڵەتێکی دیکەدا، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، عەلی‌ئەحمەد شەفیعی، خەڵکی شارۆچکەی زەرنەی سەر بە ئەیوان، دەسبەسەر کراوە و هەروەها ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار، ئارش جەعفەری خەڵکی چەرداوڵ، لە کاتێکدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار کرابوو، بە برینداری دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە، چارەنووسی بەشێک لە دەسبەسەرکراوانی پێشووتر هێشتا ناڕوونە و دوای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی عەلی عەزمی، خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار دەسبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بانە، کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا دەسبەسەر کرابوو، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هێشتا شوێنی ڕاگیرانی نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپپۆرتە، ناوەندە سەرکوتکەرەکان و دادوەرییەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتییانە کراون، بڵاو نەکردووەتەوە و زۆربەی ئەو دەسبەسەرکراوانە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*