خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی گوشار و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی سنە و گیەڵان، دوو چالاکوانی مەدەنی و سیاسییان بەناوەکانی خەبات ئەمێری و کەژاڵ وەتەنپوور دەسبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵێ ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۱٨ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ۲۰۲٦ی زایینی” لەکاتی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییەکاندا، کەژاڵ وەتەنپوور ناسراو بە (حوسنا)، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری گیەڵان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێ نادیار و تائێستا سەرەڕاتی تێپەڕبوونی نزیکەی دوو حەوتوو بەسەر دەسبەسەربوونیدا چارەنووسی نادیار.
هەروەها لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خەبات ئەمیری، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و پێشتریش دوو جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.
جی ئاماژەیە کە ئەو دوو چالاکوانە سەرەڕای تێپەڕوونی ماوەیەک بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment